کوردستان میدیا

شەممه 29ی پووشپەڕ 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی UNPO بەشداری کرد

10:35 - 14 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، له ‌كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ڕێكخراوی UNPOدا بەشداری کرد.

ڕۆژی شه‌ممه‌، ١١ی ڕه‌شه‌مه‌، له‌ زانکۆی ئۆكسفۆرد له‌ ئینگلستان، ٢٩هه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ڕێكخراوی نەتەوە بێدەوڵەتەکان UNPO، به‌ به‌شداریی شاندێکی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ، پێك هاتوو له "‌د. عه‌لی عه‌بدیلزاده‌"، نوێنه‌ری حیزب له‌م ڕێكخراوه‌‌ و "ئاكام ڕه‌حیمی" نوێنه‌ری حیزب له‌ ئینگلستان  به‌ڕێوه ‌چوو.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، دوای په‌سه‌ندكردنی ده‌ستووری كاری كۆبوونه‌وه‌، سه‌ر‌ۆكی UNPO، ڕاپۆرتی كار و چالاكیی ڕێكخراوه‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كرد. هاوكات له‌ لایه‌ن‌ سكرتاریەتی ڕێكخراوه‌كه‌وە به‌رنامه‌ و پلانی كاری شه‌ش مانگی داهاتوو خرایه‌ به‌رباس.

له‌ درێژه‌ی به‌شی یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا‌، ڕاپۆرتی به‌شی ماڵی له‌ لایه‌ن به‌رپرسی ماڵی UNPO، پێشكه‌ش كرا. به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی، بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر داواكاریی ئه‌ندام وه‌رگرتن و پێداچوونه‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌ندامه‌تی چه‌ند لایه‌نێكدا بوو.

له‌ دوابه‌شی كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ڕێكخراوینەتەوە بێدەوڵەتەکان، سكرتێری تازه‌ هه‌ڵبژێردراوی ڕێكخراوه‌كه‌، "ڕه‌ڵڤ به‌نچ" (Ralph Bunche)، ستراتیژی و پیلانی دوو ساڵی داهاتوو بۆ باشتر به‌ڕێوه‌بردنی ڕێكخراوه‌ی UNPO هێنایه به‌رباس.

شایه‌نی ئاماژه‌یە‌ كه‌ شاندی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، چالاكانه‌ به‌شدارییان له‌‌ باسه‌كاندا كرد و بۆ هه‌رچی زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ستراتیژی و پیلانی دووساڵی داهاتوو بۆچوونه‌کانیان خسته ڕوو.

شاندی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حیزب ده‌سخۆشییان له "ڕه‌ڵڤ به‌نچ كرد'' و هه‌روه‌ها به بۆنه‌ی ده‌‌ست به‌كاربوونی له پۆسته‌ تازه‌كه‌یدا وه‌ك سكرتێری نوێی ڕێكخراوی UNPO پیرۆزباییان لێ کرد.

كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ڕێكخراوی گه‌لانی بێ‌نوێنه‌ر، دوای یه‌ك ڕۆژ كاری بەردەوام بە سەرکەوتوویی کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.