کوردستان میدیا

هەینی 8ی گەلاوێژ 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕشی ژنان

18:35 - 16 پووشپەڕ 2721

كه‌ریم په‌رویزی

چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه‌ له‌ كوردستانیش باس له‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ ژنان وه‌كوو پیاوان مافیان هه‌یه‌ و ده‌بێ به‌ یه‌كسانی چاو له‌ ژن و پیاو بكرێ. لانیكه‌م له‌ سه‌رده‌می كۆماری كوردستان و به‌ هه‌نگاوه‌ بوێرانه‌كانی پێشه‌وای نه‌مر، باس له‌ ژن و مافه‌كانی و به‌شداریكردن له‌ ژیانی سیاسی و بڕیاردان بۆ كۆمه‌ڵگا هاتۆته‌ نێو گوتاری سیاسیی كوردستانه‌وه‌. ئه‌م باسه‌ له‌ ئاستی جیهانیشدا، زۆر درێژخایه‌ن و چه‌ند سه‌ده‌یی نییه‌ و زۆرتر له‌ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بووه‌ كه‌ وه‌كوو گوتار و وێژمان، باس له‌ مافی یه‌كسانی ژن و پیاو كراوه‌ و له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسیدا ورده‌ ورده‌ جێی گرتووه‌.

هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش به‌باشی ده‌زانین كه‌ له‌ نێوان وته‌ و وێژمان تاكوو كرده‌وه‌ و نۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیدا ڕه‌نگه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی زه‌ریایه‌كی پان و به‌رین مه‌ودا هه‌بێ و زۆرجار، ده‌یان ساڵ تێده‌په‌ڕێ و وته‌یه‌ك‌ له‌ كرده‌وه‌دا ڕه‌نگ ناداته‌وه‌.

ژن كاتێك ده‌توانێ له‌ ته‌واوی مافه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌كوو پیاو به‌ یه‌كسانی به‌هره‌مه‌ند بێ كه‌ خۆی به‌ كرده‌وه‌ له ‌جه‌رگه‌ی تێكۆشان بۆ خه‌باتی مرۆیی و ئازادیخوازانه‌دا به‌شدار بێ و به‌و شێوه‌ به‌ كرده‌وه‌ و له‌ نێو خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ كارییه‌كاندا ده‌یگونجێنێ و ده‌یچه‌سپێنێ كه‌ ژن و پیاو به‌ یه‌كسان چاو لێ بكرێن و ده‌ركه‌وته‌ی به‌هره‌مه‌ندییان یه‌كسان بێ.

له‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كوردستاندا ژنان كه‌م تا زۆر له‌ ڕیزه‌كانی شۆڕشدا به‌شدار بوون و له‌ په‌له‌كانی پێشمه‌رگه‌ و له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیشدا ژنان و كچانی كورد له‌ دژوارترین دۆخه‌كاندا هه‌نگاویان له‌گه‌ڵ پیاوه‌كان هه‌ڵگرتووه‌. ئه‌مه‌ وێنه‌یه‌كی چه‌ند ده‌یه‌‌ییه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ ڕیزی پێشمه‌رگایه‌تیشدا ژنانی كورد له‌ ڕیزی گیانبازیدا كورتیان نه‌هێناوه‌ و له‌ نێو سه‌نگه‌ری به‌رگری له‌ كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا  شه‌هید بوون به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌شداری و ئاماده‌بوونێكی یه‌كسان له‌گه‌ڵ پیاوان نه‌بووه‌ و ده‌توانین بڵێین زۆرتر وه‌كوو نموونه‌ بووه‌ تاكوو وه‌كوو ڕه‌وت.

به‌ڵام ڕاسانی ڕۆژهه‌ڵات ئه‌و نموونانه‌ی له‌ نێو ڕیزی خه‌باتدا كردووه‌ به‌ ڕه‌وت و یه‌كێك له‌ گرنگترین كۆڵه‌كه‌كانی ڕاسانی ڕۆژهه‌ڵات كه‌ كه‌متر ئاوڕی لێ دراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆته‌ بازدانێكی گه‌وره ‌و مێژوویی بۆ ژنان و كچانی كورد له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژبه‌رۆژ ڕێژه‌ی به‌شداریی كچان له‌ شۆڕشدا زۆرتر و زۆرتر بووه‌. چ له‌ هه‌نگاوه‌ بوێرانه‌كانی شاردا كه‌ ژنان ڕیزه‌كانی پێشه‌وه‌یان ته‌نیوه‌ و چ له‌ ڕیزی شۆڕش له‌ شاخدا، ئیدی ئه‌وه‌ ژنانن كه‌ ئاڵا به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرن.

له‌ هه‌نگاوێكی مێژووییدا، ژنان وكچانی كورد، ده‌وره‌ی ٢٥٠ی پێشمه‌رگایه‌تی له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان ته‌رخان كرد بۆ خۆیان و ته‌واوی به‌شدارانی ده‌وره‌ له‌ كچان و ژنانی كوردستانی بوون. ئه‌مه‌ ئه‌و هه‌لی شۆڕشه‌ مه‌زنه‌یه‌ كه‌ ڕاسانی ڕۆژهه‌ڵات بۆ ژنانی ڕه‌خساندووه‌ و ئه‌وان به‌ كرده‌وه‌ یه‌كسانییان له‌گه‌ڵ پیاوان ده‌سه‌لمێنن و پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دادەگرنه‌وه‌ كه‌ ماف ده‌ستێندرێ، نابه‌خشرێ. ڕاسانتان پیرۆز ژنانی هیوا و خولیا و شۆڕش.