کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلێکی نوێی نەخدینەیی لە ئێراندا بەڕێوەیە

20:25 - 24 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ خۆ ئامادە کردنی خەڵک بۆ پێشوازیی لە ساڵی نوێی هەتاوی، کارناسان هۆشداریی دەدەن کە شەپۆلێکی نوێی نەخدینەیی بەرۆکیان دەگرێت.

بەپێی دوا ئاماری بانکی ناوەندی، ڕێژەی نەخدینەیی لە ٨ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٩٠٧ هەزار میلیارد تمەن بووە، کە بە بەراورد لەگەڵ ٢ ساڵی ڕابردوو، ٤٠٠ هەزار میلیارد تمەن زیادیان کردووە و لەگەڵ نزیک بوونەوە لە کۆتایی ساڵ، کارناسان و ئابووری‏ناسانیش هۆشداریی دەدەن کە؛ لە ساڵی نوێدا ئەم ڕێژە زیاتریش دەبێت.

ئەبولقاسم حەکیمی‏پوور، مامۆستای زانکۆی تەباتەبایی، لەمبارەوە بە ڕۆژنامەی ابراری گوتووە: لە زانستی ئابووریدا، گەشەسەندنی نەخدینەیی پێوەری هەڵسەنگاندنی هەڵاوسانە و چوونکە لە ئێراندا نەخدینەیی لە خزمەت کەرتی بەرهەمهێناندا نەبووە و بێکاری زیادی کردووە و یەکە بەرهەمهێنەرەکان یەک بە دوای یەکدا دادەخرێن، پێویستە ئاگادار بین کە بەرزبوونەوەی نەخدینەیی، بە واتای چوونە سەری ڕێژەی هەڵاوسانە کە لەم بارودۆخەی ئێستای ئابووری ئێراندا، کە لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتیش بەرەوڕووە، گرانیی زیاتر و داتەپینی زیاتر و دۆخی دژوارتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

بە وتەی ناوبراو تەنیا ڕێگەی دەرباز بوونی ئێران لەو دۆخە نەشیاوە، بریتییە لە کەم‏کردنەوەی تێچووە ڕۆژانەکانی دەوڵەت و ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی بە مەبەستی سەرمایەدانان. پێشنیارێک کە چەندین ساڵە باس دەکرێ، بەڵام بێ‏وەڵام ماوەتەوە.