کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕەزێڕنگەرانەی کاربەدەستانی ئێران پاش ڕەدکردنەوەی هەندێک لە بەربژێرەکان

15:20 - 3 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: پاش ڕەدی شیاویی (سەڵاحییەت) بەشێکی بەرچاو لە بەناو بەربژێرە ڕێفۆرمیستەکان لەلایەن شوورای نیگەهبانەوە، حەسەن ڕووحانی هاتەدەنگ و دوابەدوای ئەویش هەندێک لە بەرنوێژەکان هێرشیان کردە سەر ناڕازیان.

دوابەدوای پشتڕاست‏کردنەوەی ناڕاستەوخۆی خامنەیی لەمەڕ ڕەدی شیاوییەکان لە لایەن شوورای نیگەهبانەوە، باسە سیاسییەکانی نوێژی هەینیی ئەم حەوتووە لە ئێران، تایبەت بوو بە ناڕەزایەتی دەربڕینەکان بە شێوازی کاری شورای نیگەهبان و داکۆکی کردن لە بڕیاری ڕەدی شیاویی بە لێشاو، لەلایەن ئەم شووراوە.

ئەحمەد خاتەمی بەرنوێژی هەینیی تاران بێ ئەوەیکە باسی کەسێکی تایبەت بکات لە قسەکانیدا گوتی: ئەو کەسانەی کە ڕەخنە لە کاری شوورای نیگەهبان دەگرن، ئاگادار بن کە ئەو کارەیان چەشنێک لە سوکایەتی کردن بە شوورای نیگەهبانە.

ئەم قسانەی خاتەمی چەشنێک وەڵامدانەوە بە قسەکانی حەسەن ڕووحانی بوو کە گووتبووی: ئەگەر بڕیار وایە جناحێک بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات و جناحێکی دیکە بەشداری نەکات، ئیتر هیچ پێویستییەک بە هەڵبژاردن ناکات.

هەر لەم پێوەندییەدا، ئەحمەد عەلەمۆلهۆدا بەرنوێژی هەینیی مەشهەد گوتوویەتی: خراپترین سووکایەتی کە بە شوورای نیگەهبان دەکرێ ئەوەیە کە؛ کەسێک بڵێ شوورای نیگەهبان بە شێوەی جیناحی هەنگاو هەڵدەگرێ. ئەمە هێمایەکی ڕاستەقینە بۆ ڕەدکردنەوەی ویلایەتی فەقیهە و هەر کەسێک بەشداری لە هەڵبژاردندا نەکات موسوڵمان نییە.

ئەم شەڕی زێڕینگەرییە لە نێو کۆماری ئیسلامیدا، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و لە زۆربەی بەناو هەڵبژاردنەکاندا، شانۆیەکی لەم چەشنە بەڕێوە دەچێ، تاکوو لەو سۆنگەوە هەوڵ بدەن خەڵکێکی زیاتر بکێشنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.