فیلیپ بولانژێ
وەرگێڕان لە فەڕانسییەوە : دیلان هەردی
فیلیپ بولانژێ، نووسەر و پڕۆفسۆر لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس، خاوەنی نزیک بە سی بەرهەمی زانستییە لە بوارەکانی جوگرافی و ژێئۆپۆلیتیک. ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٢٢ی گۆڤاری زانستی "مەشریق ـ مەغریب" بە زمانی فەڕانسەوی بڵاو بۆتەوە. ئەوەی خوارەوە وەرگێڕدراوی بەشێک لە بابەتەکەیە.
ئەگەر عەبدولڕەحمان قاسملوو شیاوترین ڕێبەری کوردە بۆ ستایش کردن، عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش گرنگترینیانە. دوای بەکارهێنانی دوو سیفەتی وەها دەقیق وەک "ستایش" و "گرنگ" ئێستا دەمهەوێ ڕوونیان بکەمەوە. ئەو دوو کەسایەتییە کوردە هەرکامیان بە شێوازی تایبەت بە خۆی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردیان لە سەدەی بیستەمدا تۆمار کردووە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستان)، بە تایبەت دوای گیرانی لە فێورییەی ١٩٩٩ لە کێنیا، ئەگەر کەسێکی ئاکادیمی نییە ـ هەرچەند کە دەرس و ئامۆژگارییەکانی ئاراستەی لایەنگرانی دەکا و بە بڕوای من نیشاندەری کەسێکی بەهێز نییە و هیچکات ستراتیژیستێکی باش نەبووە و هەروەها خۆی بە هەستێکی سیاسی کەم ناوەڕۆک و ڕوانینێکی سنووردار لە مێژوو دەرخستووە - بەڵام ئەو وێنەیەکی گەورەی لە لایەن پەیڕەوانی خۆی وەک پێغەمبەری شۆڕشی کورد لە سەدەی بیستەمدا لە تورکیا و دەوروبەری لێ کێشراوەتەوە. ئەو گرنگە چونکە پەکەکە کێشەی کوردی بەرز کردەوە بۆ ئاستێکی چڕوپڕتر لە بواری سیاسی و میدیاییدا کە پێشتر نەبینرابوو.
لە لایەکیترەوە، عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات، ئەگەر ئاکادیمیسیەنێکی ناسراو بوو، نە تەنیا بابەت و وتاری ئاکادیمی دەنووسین، بەڵکوو ئەو بە ڕاستی مرۆڤێکی یەکجار زۆر بەکردەوە بوو، واتە نەتەنیا ڕێبەرێکی سیاسی دوور لە مانۆڕدان و بەرپرسێکی بە ئەزموونی حیزب بوو، بەڵکوو سەرۆکێکی چریکییش بوو کە دەنگی کەڵاشینکۆڤ نەیدەترساند. ئەو شایانی ستایشە چونکە هیچکات بنەمای ئەخلاقی خۆی نەفرۆشت و کوالێتییەکانی ئەخلاق بەرزی بە هاوچەرخەکانی خۆی نیشان دا.
ماکس وێبێر دەڵێ: "مێژوو نیشانمان دەدا کە سەرۆکە کاریزماتیکەکان لە هەموو بوارەکاندا و لە هەموو سەردەمێکدا دەردەکەون. هەروەها، ئەوان بە دوو شێوە دەردەکەون، هەندێکیان وەک پێغەمبەر و خاوەن موعجیزە و هەندێکیشیان وەک سەرۆکە خەباتکارەکان و فەرماندەرانی شەڕ".
ئایا عەبدولڕەحمان قاسملوو سازگاری لەگەڵ ئەو پێناسە دوولایەنییەی ماکس وێبێردا هەیە ؟ دەمهەوێ، لەم وتارەدا، بە سەرنجدان بە ڕێڕەوی کەسیی و پێشینە فکرییەکەی، ئەو کەسایەتییە سەرەکییەی ناسیۆنالیزمی کورد لە سەدەی بیستەمدا بناسێنم، لە پێشدا، باسی کۆتاییە تراژیکەکەی لە ١٩٨٩دا لە ڤیەن دەکەم و ئەوجار باسی میراتە فکری و مەعنەوییەکەی دەکەم.
تاراوگە وەک فێربوون
کاتێک دەڵێم کە دەتوانین قاسملوو زیاتر لە سەرۆکە کوردەکانیتر ستایش بکەین، مەبەستم ئەوەیە کە، بە لەبەرچاوگرتنی بژاردە ئیدیۆلۆژیک و ستراتێژیکییەکانی یان بەرجستەکردنەوەی ڕوانینەکانی بە نیسبەت شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، جگە لە ڕێزلێنان لە زیرەکی ئەو ئابووریناسە زمانزانە هیچیترمان نییە، پابەندبوونی ڕاستگۆیانەی بۆ چارەسەری ئاشتییانە و ڕاستبینانەی کێشەی کورد، ڕەتکردنەوەی ئیدیۆلۆژی جیاییخوازیی ئیتنیکی یان بەتایبەت، خۆبواردنی هەمیشەیی حیزبەکەی، حیزبی دێموکرات لە کاری تیرۆریستانە. تیرۆریزمێک کە قاسملوو دەیزانی کە لە حاڵێکدا لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە تێکڕایی مەحکوومە بەڵام دەشتوانێ بانگەشە بێ بۆ بەرزکردنەوەی کێشەی کورد، ئەوەیکە لە لایەن پەکەکەوە لە ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠ی زایینی لە تورکیا بە شێوەی بەربڵاو ئەنجام درا. هەم سیاسییانە و هەم ئەخلاقییانە، ڕێبەری حیزبی دێموکرات هیچکات خۆی نەخستە ئەو بوارەوە.
حیزبی دێموکرات، لە ڕاستیدا، زۆر هەستیار بوو بەوەی هیچکات مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانییەکان نەکرێ، هیچکات سیاسەتی "زەوی سووتاو" نە لە دژی هیچ لایەنێک و نە لە دژی دەوڵەتی ناوەندی ئەنجام نەدرێ، هیچکات بە زۆرەملێ خەڵکی مەدەنی لە ماڵ و حاڵی خۆیان وەدەر نەنرێن، نابێ کەس بە بارمتە بگیرێ، نابێ ژنان و منداڵان ئازاریان پێ بگا، نابێ هیچکات کاری چەتەگەری و ڕێگری و بۆمبدانانەوە لە شوێنی گشتی ئەنجام بدرێ. کاتێک ساڵی ١٩٧٩ کارمەند و دیپلۆماتەکانی ئەمریکا لە تاران بە بارمتە گیران، قاسملوو بە ڕاشکاوی ئیدانەی کرد. بێ گومان کێشەی کورد لە ئێران هەزینەی ئەو ئەخلاق بەرزییەی لە میدیا و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ڕۆژئاوادا دا. تەنانەت ئەمڕۆش کێشەی کورد لە ئێران هیچی دەست ناکەوێ لەو دەنگدانەوە میدیایی و ئەو سەرنجە ژێئۆستراتیژیکییە یەکسانەی بە کێشەی کورد لە تورکیا و سوریا و عێراق دەدرێ.
قاسملوو وەک زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی دیکەی کورد بە تاراوگە ئاشنا بوو؛ وڵاتەکەی، خاکەکەی و گوندەکەی جێهێشت. لە دێسامبری ١٩٣٠ لە کوردستانی ئێران و لە نزیک مەهاباد، ناوچەیەک کە ناسیۆنالیزمی کوردی تێدا بەهێز بوو و شای ئێران ڕقی لێ بوو و کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لێدەکرد لە دایک بوو. قاسملوو ناچار بوو چەندین جار نیشتمانی خۆی بەجێ بهێڵێ. ئەو بەو ڕادەیەی کە لە تاراوگە پێگەیشت و شکڵی گرت بە هەمان ڕادەش گۆڕانکاری بەسەردا هات، کە بە ڕای من کرانەوەی هزری و ئاوێتەبوون بە چەندین زمان و کولتووری پێویست بۆ مرۆڤێکی سیاسی هاوچەرخ ئەو شتانە بوون کە تاراوگە پێی بەخشی. لەو خاڵەدا، ئەو بە تەواوی لە کەسێکی وەک ئۆجەلان جیا دەکرێتەوە کە لە کۆمەڵگایەکی نزیک بە تەواویی تورک پێگەیشت، هەرچەند لە سەرەتاکانی ١٩٨٠لە دیمەشق دەژیا.
ساڵی ١٩٤٩ قاسملوو لە فەڕانسە خوێندکار بوو و بورسی حکومەتی پاشایەتی هەبوو، بەڵام کاتێک چالاکی سیاسی دەستپێکرد بورسەکەی لێ ئەستێندرایەوە. زۆر زوو تێکەڵ بە بیرۆکەی مارکسیزم بوو، لە بواری ئابووریدا لە چێکۆسڵۆڤاکی درێژەی بە خوێندن دا، دواتر لە ساڵەکانی ١٩٦٠ی زایینیدا بوو بە مامۆستای ئابووری لە زانکۆی شارڵی پڕاگ؛ ئەو چاوی بە ئەلێکساندر دوبچێک (سیاسەتوانی ناوداری چێکوسڵۆڤاکی) دەکەوێ و تێزەکەی لە سەر ئابووریی کوردستان تەواو دەکا، کە لە ساڵی ١٩٦٥ لە لەندەن بڵاو کرایەوە.
دوای خوێندنەوە لە سەر زمانی کوردی لە "زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان" لە پاریس لە نێوان ١٩٧٦ و ١٩٧٨، چەند مانگ دواتر دەبێتە سەرۆکی شۆڕشێک کە ڕێژیمی ئایەتوڵا خومەینی دەهەژێنێ. لە نێوان ساڵەکانی١٩٥٧ هەتا ١٩٧٨ لە تاراوگە ژیا، لە بەغدا و پڕاگەوە هەتا پاریس. قاسملوو زیاتر لە هەر کەسێک سودی لە درێژبوونی تاراوگە بینی بە تایبەت لە سەردەمی پاشایەتیدا، بۆ ئەوەی لە دوورەوە لە بارودۆخی کوردەکان تێ بگا و بە دوای ڕێگەچارەیەکدا بگەڕێ بۆ ئەو پارچەپارچەبوونەی کوردەکان بە گشتی کە لە دوای ڕێککەوتنامەی لۆزان لە ١٩٢٣ـەوە تووشی هاتن و سەرکوت و لەناوبردنی پێناسەی کورد لە ئێران بە تایبەتی.
لە بڵاوکراوەیەکی تایبەت لە ژوئییەی ١٩٨٩ لە بوڵتەنی زانیاری و پەیوەندی ئەنستیتۆی کورد لە پاریسدا، ڕۆژنامەڤان مارک کاراڤێتز، پۆرترەیەک لە قاسملوو دەکێشێتەوە: "سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، فەرماندەی شەڕ لە کاتی پێویستدا، ڕێبەری سیاسی لە پێش هەموو شتێک، مرۆڤی دیپلۆماسی و دیالۆگ. باڵوێزێکی بەورە و ماندونەناس بۆ دۆزەکەی کە دەیهەوێ تەواوی جیهانی لێ تێبگەیەنێ؛ بەڵام هیچکات هێندەی ئەوە خوشحاڵ نییە کاتێک چاوی بە پێشمەرگەکانی دەکەوێ، لە خانوویەکی بە گڵ دروستکراو لە دۆڵێکی ون لە سەر سنووری نێوان ئێران و عێراق، ئەو شوێنەی کتێبخانەیەکیشی بۆ گواستۆتەوە." شارەزا لە هەشت زمان ( کوردی، فارسی، عەرەبی، ئازەری، چێکی، ڕووسی، ئینگلیزی و فەڕانسەوی)، هەندێک زانیاری لە سەر شێعری کوردی، فارسی یان عەرەبی، هۆنراوەکانی هوگۆ یان ویتمەن، لە یەک کاتدا مرۆڤی کولتوور و کردەوە بوو ـ ئاکادیمی بوو، وتووێژی دەکرد، ڕێبەرایەتی شۆڕشی دەکرد، زۆر خێرا هاتە ڕیزی بەرەی خەبات دژی فاشیزم و تاک حیزبی کە لە ساڵەکانی ١٩٣٠دا جیهانی هەژاند و وایکرد کە دامەزرێنەرانی حیزبی دێموکراتیش لە سەر سۆسیالیزم و یەکیەتیی سۆڤییەت ناڕوون بن. ئەو ڕێبەرێک بوو کە خەڵکی کوردستان پێویستییان پێی بوو. بەدڵنیاییەوە هەر ئەوەش تەنیا هۆکار بوو کە دوژمنە بەهێزەکانی هیچ شانسێکیان بۆ دەربازبوونی نەهێشتەوە.
بیرمەندی چالاک
لە ڕاستیدا ئاستێکی زۆر بەرزی ئەخلاق لە قاسملوودا هەیە کە تەنیا لەودا بینراوە و ئەو جیا دەکاتەوە لە تەواوی ڕێبەرانی کورد لە سەدەی بیستەمدا. ئەگەر قاسملوو تایبەتمەندییەکی نەبا و ئەو تایبەتمەندییە وەک مەترسی بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامی لە تاران نەبینرابا، بێگومان بەو شێوە دڕندانەیەش ساڵی ١٩٨٩ لە ڤییەن تیرۆر نەدەکرا. لە نێوان سەرۆکەکانی کورددا ئەو تایبەت بوو: کەسێکی ڕاستبین بوو، دەیزانی کە کۆمەڵگەیەکی خراپ نێونراو بە ناوی "کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی" ڕێگە نادا وڵاتێکی پێنجەم بە ناوی کوردستان لە نێوان چوار وڵاتدا دروست ببێ. بێگومان ئەو یەکێک لەو دەگمەن ڕۆشنبیرانەیە کە گونجاوە بۆ سەرۆکی دەوڵەت. ئەو تایبەتمەندی هاڤێل و ماندێلای هەبوو. دواتر لەیلا زانا لەوانەیە خۆی بۆ ئەو ئاستە لە ئەخلاق و لە ورەی سیاسی بەرز بکاتەوە بەڵام لەوانەیە لە ئاستی فکری لەو ئاستەدا نەبێ.
لە ڕاستیدا خوێندنەوەی نووسراوەکانی قاسملوو کە بە زمانە جیاوازەکان بڵاو کراوەتەوە چێژێکی تایبەتیان هەیە. وەرگێڕدراوی چێکی کتێبی "کوردستان و کورد" کە لە ساڵی ١٩٦٥دا بڵاو بۆتەوە، شێوازێکی ڕوونی شیکردنەوەی کێشەی کوردە. دەکرێ یەکێک لە درەوشاوەترین سەنتێزەکانی مێژووی کورد بێ. لە درێژەی لاپەڕەکاندا هەست بە جێ پێی قورسی مارکسیزم لە نێو شیکردنەوەکانی ئابووریی کوردستان دەکەی. ئەو بانگی لێنین دەکا، باڵادەستی داگیرکەر مەحکووم دەکا، ئیمپڕیالیزم شەرمەزار دەکا، ئەو لایەنگری لە سەربەخۆیی پارچەکانی کوردستان و داوای یەکگرتنیان بۆ دروستبوونی نیشتمانێک بۆ کوردەکان دەکا ـ بیرۆکەیەکی کراوەی سەربەخۆییخوازانە کە بیست ساڵ دواتر دێتەوە سەری و بانگەشەی خودموختاری دەکا. هەروەها خوێندنەوەی لە سەر حیزبی دێموکرات، لە کتێبی "چل ساڵ خەبات لە پێناو ئازادی"، کە بەشی یەکەمی لە ساڵی ١٩٨٥ بە بۆنەی چلەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات نووسراوە نموونەیەکە لە خاکەڕایی و ڕاشکاوی. " ئەو مێژووە کە ئەو لەسەر حیزبی دێموکرات نووسیویەتی، پێک نەهاتووە تەنیا لە ژیاننامەی سادەی چەند ڕێبەری حیزب، کادر یان ئەندامەکان. مێژووی سەدان هەزار ئەندامە، هەزاران قوربانییە، هەموو خەڵکی کوردستانە، حیزبی دێموکرات و خەڵکی کورد یەکەیەکی جیانەبووەوە پێک دێنن."
ئەو ناسینە لە نێوان خەڵک و حیزب، ئەمڕۆکە دەتوانێ شۆکهێنەر بێ، چونکە لە شوێنی دیکە کارەساتی مرۆیی قەرەبوونەکراوی لێکەوتۆتەوە؛ بەڵام لە باکگراوندی کورددا ئەو کات مانایەکی جیاوازی هەبوو: کوردەکانی ئێران لە لایەن ڕۆژئاواییەکانەوە پەراوێز خرابوون، سۆڤییەتییەکان دەستوەردانیان دەکرد، زۆر بە زەحمەت لە لایەن وڵاتانی بێلایەنەوە دەبیستران؛ ئەگەر ئێستا کێشەی کورد وەک دە ساڵ پێش پەراوێز ناخرێ، لەبەر ئەوەیە کە ڕۆژئاواییەکان پێویستیان بە پێشمەرگەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. کێشەی کورد لە ئێران هەروا بە چارەسەرنەکراوی دەمێنێتەوە چونکە خاوەنی ڕێبەرێکی کاریزماتیک نییە. لە ئێرانێکی چەندپێکهاتەییدا، کوردەکانی ئێران دەبێ بتوانن لە سەر کێشەی خۆیان بەرەیەک لەگەڵ خەڵکانی دیکەی پەراوێزخراوی ئێران پێک بێنن، دەبێ لە ساختارێکی حیزبی ڕەوا و کاریگەر کەڵک وەرگرن بۆ ئەوەی ببیسترێن، تەنانەت ئەگەر سەرکوتی خوێناوی ڕێژیمیشیان لە بەرامبەر بێ.
بە شێوەیەکی ئیدۆلۆژیکی، قاسملوو ئەو کەسە بوو کە بە کورتی دەتوانین ناوی بنێین مرۆڤێکی چەپ، بە قووڵی بارگاوی، وەک زۆرێک لە ڕێبەرانی جیهانی سێهەم. مرۆڤێکی مارکسیستی و ناسیۆنالیستی بوو، وەک زۆرێک لە بیرمەندانی جیهان. چالاکێکی کۆمۆنیستی بوو لە نێو حیزبی دێموکراتدا (کاتێک لە مەهاباد بوو) و لە حیزبی توودە، پارتی کۆمۆنیستی ئێراندا (کاتێک لە تاران بوو)، ئەو خۆی لە کۆمۆنیزمی ستالینی جیا کردەوە، بە تایبەت دوای دەستێوەردانی هێزەکانی پەیمانی وەرشۆ لە چێکۆسڵۆڤاکی لە مانگی ئاگۆستی ١٩٦٨دا. ڕەوتی کۆمۆنیستی لە حیزبی دێموکراتدا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٥٥ هەتا ١٩٥٨ کە لە لایەن قاسملوووەوە ڕێبەرایەتی دەکرا، لە دوای ساڵی ١٩٧١ـەوە لە لایەن ڕەوتی ناسیۆنالیستی کە لە دەوری عەبدوڵڵای ئیسحاقی (ئەحمەد تۆفیق)ـ کۆ ببوونەوە خرا پەراوێزەوە و هەر ئەویش بوو بە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات. دەبوایە هەتا کۆنگرەی سێهەمی حیزب لە سێپتەمبری ١٩٧٣ چاوەڕێ بکرێ تا ئەو مارکسیزمەی قاسملوو دەیویست ئاراستەی حیزب بکرێ. لائیسیزم، سۆسیالیزم و دژە سەرمایەداری دەبنە بەرچەسپ و تایبەتمەندیی ئیدیۆلۆژیکی قاسملوو. لەو کۆنگرەیەدا دروشمێک کە قاسملوو هیچکات خەیانەتی پێ نەکرد پەسند کرا : "دێموکراسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان."
وەک زۆرێک لە مارکسیستەکانی سەدەی بیستەم کە باڵادەستی ئیدیۆلۆژی کۆمۆنیزم بە سەر نەریتخوازی ئایینی وەک دەستکەوت دەبینن، قاسملوو وا دەردەکەوێ کە سەرنجی پێویست ناداتە سروشتی قووڵی شۆڕشگێڕی بە مانای شۆڕشی ئاسترۆنۆمی یان گەردوونی (خولانەوە ی هەسارەیەک بە دەوری ئەستێرە یان خۆردا کە دوای دەورێکی تەواو دەگاتەوە شوێنی یەکەم)، واتە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو ـ واتە بە شێوەیەکی باو و سوننەتی شۆڕشی جەماوەری لە دژی ڕێژیمی زاڵ بە سەر ئێران کە ساڵی ١٩٧٨ کۆتایی بە پاشایەتیی هێنا. ئەو نەیدەتوانی بڕوا بەوە بکا کە، وەک بریتانیای سەدەی حەڤدەیەم، ئێران لە ڕێگای ئایینەوە بچێتە نێو مۆدێڕنیتەی سیاسییەوە نەک لە ڕێگای دژایەتیی ئایینەوە وەک لە ١٧٨٩.
حیزبی دێموکرات مارکسیستە و دژی سەرمایەداری: ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیی کە پەروەردەکراوی ئیمپڕیالیزمی ئەمریکایە بە ڕادەی پێویست قەناعەتی پێهێنا لە سەرەتادا. یەکەم ئەوەیکە، شۆڕشی ئێران بە پاڵپشتییەکی لە ڕادەبەدەری ڕەوتە شۆڕشییەکانی چەپی ئێرانی بوو کە گرێدراوی مەلاکان بوون لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی بەڵام هەر خێرا، هێزی ژیانەوەی شیعە کە خۆی لە ئایەتوڵڵادا دەرخست هاوپەیمانە ڕادیکاڵەکانی قووت دا. ئایا قاسملوو، بیرمەندی وێبێری، سەرۆکی شۆڕش و چالاکی مارکسیستی، هێزی دیاردەی شۆڕش لە ئێرانی بەو پێیەی کە مەزهەبی بووە بە کەم گرتووە و نەچۆتە نێو بازنەی خوێندنەوەیەکی مارکسیستی ئاتێئیستانەی سەدەی بیستەم؟
هەر دوابەدوای ئەوەی هیواکان بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچوون، درێژەدان بە بەرگری لە بەرامبەر سەرکوتێکی نوێی کوردەکانی ئێران زۆر گرنگ بوو: بووە هۆی بەهێزبوونی ڕۆڵی حیزب وەک پارێزەری خەڵکی کورد. حیزبی دێموکرات تەنیا قەڵغانی نیزامی لە بەرامبەر هێرش و سەرکوتی حکوومەتی ناوەندی بوو کە لە دەست مەلا شیعەکاندا بوو و بە چاوێکی دیکەوە سەیری کوردەکانیان دەکرد، بە تایبەت کە زۆرینەیان سوننی بوون، گومانی جیابوونەوەیان لێ دەکردن بەڵام حیزبی دێموکرات هیچکات ئۆپۆزیسیۆنی نیزامی و پێناسەی نەتەوەیی لە دەست خۆیدا قۆرخ نەکرد، ئەوەیکە پەکەکە لە تورکیا پلە بە پلە ئەنجامی دا. بە بێ شک "مەترسی تەواوخوازی" کە لە پەیوەندی نێوان حیزب و خەڵکدا سەر هەڵدەدا، لە لایەن قاسملووەوە پێشبینی کرابوو. تەنیا دەتوانرێ گریمانەی ئەوە بکرێ کە ئەو بە توندی دژی ئەو لادانە ئیدیۆلۆژیکییە دەبوو ئەگەر خۆی پارێزکارتر نیشان دابا و زۆر متمانەی بە ڕێژیمی ئیسلامی نەبا، ئەوەیکە لە ساڵی ١٩٨٩ بە قیمەتی ژیانی تەواو بوو.
دوای شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٨٨، خراپترین شت دیسان بە سەر کوردەکانی ئێراندا هات. بۆ سێهەم جار لە یەک ساڵدا، لە هاوینی ١٩٨٩دا، نوێنەرایەتیی کورد چاوی بە لایەنی ئێرانی دەکەوێ: محەممەدجەعفەر سەحراڕوودی، حاجی موستەفەوی و ئەمیرمەنسوور بۆزۆرگیان. لە دوو چاوپێککەوتنی پێشوودا هیچ پاسەوانێک بوونی نەبوو. لە ١٣ی ژوئییەی ١٩٨٩دا قاسملوو لە ئاپارتمانێکی نهۆمی پێنجەمی بینایەک لە ڤییەن لە لایەن ئێرانییەکانەوە بە سێ گوللـە پێکرا و تیرۆر کرا. ئەو تەنیا کوردێک نەبوو کە تیرۆر کرا لەو ڕۆژەدا: عەبدوڵڵا قادری ئازەر، ئەندامی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات بە ١١ گوللـە و فازڵ ڕەسوڵ، کوردی عێراق و مامۆستای زانکۆ کە ڕۆڵی ناوبژیوانی دەبینی بە ٥ گوللـە تیرۆر کران. بکوژەکەی ڤییەن گرێدراوی کەسانێک بە ناوی سەعید ئیمامی، بەرپرسی "قەتڵە زنجیرەییەکان" لە وەزارەتی ئیتلاعات، مەحموود ئەحمەدی نەژاد کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو بە شارەوانی تاران و دواتر لە ٢٠٠٥ بوو بە سەرکۆماری ئێران.
بەرپرسی حیزبی دێموکرات چلۆن ڕازی بووە کە بکەوێتە ناو داوێکی وەها دڕندانە و خۆی بخاتە بەردەم بکوژانی ڕێژیمی ئێران؟ ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی، جاناتان ڕانداڵ پێیوایە کە دوای مردنی ئایەتوڵڵا خومەینی، قاسملوو بە بێ شک بە قەناعەتێک گەیشتبوو کە تاران دەیهەوێ وتووێژ لەگەڵ حیزبی دێموکراتدا بکا. هەرچەند ئەو بە شێوەی ئاسایی زۆر وریا بوو، بەڵام ئەو وریاییەی دابەزاند و تەنانەت نەک هەر پاسەوانەکانی خۆی بەڵکوو پاسەوانەکانی جەلال تاڵەبانیشی ڕێگە نەدان کە لە دوو وتووێژی پێشوودا لە دێسامبری ١٩٨٨ و لە ژانویەی ١٩٨٩ هاوڕێیەتییان کردبوو. ئایا بڕوای وابوو کە دەسەڵاتی ئێران بەرەو ئانارشی دەڕوا یان وردەوردە خۆی دێموکراتیزە دەکا؟ ئایا پشتی بە ڕۆژئاواییەکان بەستبوو کە بە پێشنیارە ماقووڵە بێ لایەنەکانیان خۆیان وەک بەلاڕێداچوو و فریوخواردوو دەرخستبوو؟ وڵام و دەلیل و بەڵگەکانی ئەو هەڵە کوشندەیەی ئەو هەر چییەک بووبن، لەگەڵ قاسملوو چونە ژێر خاکی گۆڕستانی پیرلاشێزی پاریس.
قاسملوو زۆر زوو ڕۆیشت، ئەو دەیتوانی ببێتە ئەو ڕێبەرەی کە کوردەکان چاوەڕێی دەکەن. ڕێڕەوێکی فکریی و سیاسی هیوابەخش لە لایەن یەکگرتنێکی کوشندەی نێوان دەوڵەتی بەرژەوندخواز، دەمارگرژیی مەزهەبی و بێ ئیحتیاتی شەخسی پێشی پێ گیرا. ئەو بەرهەمێکی فکریی و ئەخلاقیی هەرمانی لە دوای خۆی جێهێشت. میراتێکی سیاسی و ئیدیۆلۆژیکی نادیار لەو کاتانەدا کە کێشەکانی کورد پێویستییان بە تێگەیشتن و ڕوانینێکی زۆر بەرزتر هەیە، هەستێکی سیاسی و ڕوانگەیەکی فکری لە دەرەوەی ڕەوتی باو کە هەر ئەو خاوەنییەتی.