پاش شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران و دەسبەسەرکرانە بەربڵاوەکانی هاووڵاتییان لە سەرتاسەری کوردستان و ئێراندا، ١٦ کرێکاری کورد لە شاری دەماوەند لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لەگەڵ دەسبەسەرکران، بانگکرانی بەردەوام، لێپرسینەوەی درێژماوە و دەستداگرتن بەسەر کەلوپەلە کەسییەکانیان بەرەوڕوو بوونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ١٦ کرێکاری کوردی خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆی سنە و دانیشتووی شاری دەماوەند لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا لەگەڵ کۆمەڵێک هێرشی سەرەڕۆیانەی هێزەکانی ئیتلاعاتی دەماوەند بۆ سەر ماڵەکانیان، بانگکردنی بەردەوام، لێپرسینەوەی درێژماوە، دەستداگرتنی نایاسایی بەسەر کەلوپەلە کەسییەکان و گوشاری ئەمنییەتی بەرەوڕوو بوونەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، یەکێک لەم هاووڵاتییانە بە ناوی "فەرزاد ڕۆستەمی" پاش دوو مانگ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، ئێستا زیاتر لە سێ مانگ واتە سەرجەم ١١٣ ڕۆژە کە لە دۆخێکی ناڕووندا لە بەندیخانەی دەماوەند ڕاگیراوە.
کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەم ١٦ هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ دۆسییەسازی و تۆمەتی وەک "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بەرەوڕوو بوونەتەوە.
شوناسی ئەم هاووڵاتییانە بریتییە لە: "فەرزاد ڕۆستەمی، سەعید حەیدەرزاده، عیسا خادمی، مێهدی قاسمی، لوقمان قاسمی، شاهۆ قاسمی، کەیوان قاسمی، فەرزین ڕۆستەمی، بێهزاد ڕۆستەمی، فەرزاد شەریفی، ئێقباڵ مورادیزەڕ، جەلال محەممەدی، فەرشاد مەلکدوخت، جەمیل سێفیدی، شاپوور حەبیبی و فاتح مەحموودی" .
هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی دەماوەند لە ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژدا، بە هێرشی هاوکات بۆ سەر ماڵی ئەم ١٦ هاووڵاتییە، بێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر مۆبایلەکان، لەپتاب و باقی کەلوپەلە کەسییەکانیاندا گرتووە و بوونەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی ئەندامانی بنەماڵەکانیان و لە درێژەدا هەر یەک لەم هاووڵاتییانە بە شێوەی جیاواز بۆ ماوەی ١٢ هەتا ١٦ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە.
کوردپا ڕایگەیاندووە کە کەلوپەلە کەسییەکانی ئەم کەسانە دەستیان بەسەردا گیراوە و چوونەدەرەوەیان لە تاران قەدەغە کراوە.