کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزب سەردانی کلوپی پارلەمانتارانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئوتریشی کرد

21:36 - 4 سەرماوەز 2725

ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٢٤/١١/٢٠٢٥)، محەممەد فەقێ‌عەلی بەرپرسی پەیوەندییە نیونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش بە هاوڕێیەتی خاتوو مونیرە نیگەهدار بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەو وڵاتە سەردانی خاتوو پێترا بایەر ئەندام پارلەمانی حیزبی سۆسیال دێموکرات و بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێوەنەتەوەییەکانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئوتریشیان لە دەفتەری کارەکەی واتا کلوپی پارلەمانتاران کرد.

بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات باسێکی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد و بەتایبەتی تیشکی خستە سەر دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل، کە ڕێژیم کردوویەتی بە بیانوویەک بۆ زەبر و زۆری زیاتر دژی ئازادیخوازان و بە تایبەتی لە کوردستان سەدان و هەزاران کەس تا ئێستا دەسبەسەر کراون و ڕادەی ئیعدامەکان لە ئاست ساڵانی تر و پێش هێرشەکە زۆر زیاتر بوون.

بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات داوای لە حیزبی سۆسیال دێموکرات و وڵاتی ئوتریش کرد کە لە لەقاودانی ئەم جینایەتەی کۆماری ئیسلامیدا لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی هاوکار بێ و هەنگاوی پێویست هەڵ بگرێت.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و دەبێ لەسەر ئاستی نێونەتەوەیش هەر بەم شێوەیە سەیری بکرێت و بناسێندرێت، چونکە تەنیا بەڕەسمی‌ناسینی هەموو نەتەوەکانی ناوخۆی ئێران وەک هەن و ڕێزدانان بۆ شوناسی نەتەوەیی، ئایینی و فەرهەنگییان، دەتوانێ زامنی ئێرانێک بێت کە هەموو خەڵکەکان بەهی خۆی بزانن و بۆ بەرەوپێشچوونی هەوڵ بدەن. بەڕەسمی‌ناسینی نەتەوەکانی ناو ئێران شانسێکی گەورەیە بۆ ئەو وڵاتە و تەنیا دیکتاتۆرەکان وەک مەترسی دەیبینین.

نوێنەری حیزب وتی: ئێستا کە زیاتر لە ٣٦ ساڵ بە سەر شەهیدکردنی د.قاسملوو و هاوڕێیانیدا لە ڤییەن تێدەپەڕێ، دۆخی ناسەقامگیریی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی وای کردووە کە کۆماری ئیسلامی ڕۆژ بەڕۆژ تەریکتر دەبێتەوە بۆیە لە وڵاتی ئوتریشدا کە وەزارەتی قەزایی بە دەست سۆسیال دێموکراتەکانە هەوڵ بۆ ئەوە بدەرێت، کە ئەو پەڵە ڕەشەی لەسەر لاپەڕەی دۆستایەتیی کورد و ئوتریش هەیە لا ببرێت و بۆ هەمیشە ڕووی دزێوی کۆماری ئیسلامی وەک ڕێژیمێکی تێروریست زیاتر بە دنیا بناسێندرێت.

پاشان خاتوو مونیرە نیگەهدار لە وتەیەکی کورتدا باسێکی لەسەر ژیانی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور کرد و باسی ئەوی کرد، کە تا ئێستا چەندین جار لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە کەوتوونەتە بەر هێرشی درۆن و مووشەک و بەداخەوە شەهید و بریندارێکی زۆریش بووە. بۆیە داواکاریم لە حیزبی سۆسیال دێموکرات و وڵاتی ئوتریش وەک ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا ئەوەیە، کە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی پێویست هەڵ بگرن و بە تایبەت ژن و منداڵی ئەو تێکۆشەرانە، لە دڕندەییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بپارێزرێن.

لە کۆتاییدا خاتوو پێترا بایەر وێڕای سپاس لەو سەردانە بڕیاڕی دا ئەو خاڵ و پێشنیار و داواکارییانە لەبەرچاو بگرێت، و لەمەش بەولاوە لەگەڵ بەشی پەیوەندیەکانی حیزب لە وڵاتی ئوتریش لە پەیوەندیدا بێت و لە ڕا و پێشنیار و بۆچوونەکانیان کەڵک وەرگرێت.