کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی توندوتیژیی دژی ژنان لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا

16:11 - 4 سەرماوەز 2725

لە درێژەی ڕەوتی توندوتیژییە جێندەرییەکان لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، ئامارەکانی ڕەوتی توندوتیژیی دژی ژنان نیگەرانیی جیددیی چالاکانی مافی مرۆیی و ژنانی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری "ناوەندی چالاکانی مافی مرۆیی لە ئێران" لە ڕێکەوتی ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٤ هەتا ٢٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٥ی زانیینی، لانیکەم ١٨١ حاڵەتی توندوتیژیی دژی ژنان و پێشێلکردنی مافی ژنان تۆمار کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە و ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەو ناوەندە، لەو ماوە زەمەنییەدا ١١٠ ژن کوژراون و ٩٣ حاڵەتی دیکەش ڕووبەڕووی توندترین شێوازەکانی توندوتیژی وەک دەستدرێژی، ئەسیدپێداکردن، لێدان و ئەشکەنجە، توندوتیژیی خێزانی، سووتاندن و حاڵەتێکی خۆکوژیی لەپێوەندی لەگەڵ توندوتیژیی جێندەری بوونەتەوە.

زانیارییەکانی "ناوەندی چالاکانی مافی مرۆیی لە ئێران" دەرخەری ئەوەن کە هەر ژنێک لەو ئامارە تۆمارکراونەدا ڕەنگە هاوکات ڕووبەڕووی چەند توندوتیژی بووبێتەوە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بەشێکی گرنگ و بەرچاو لە توندوتیژیی پێکهاتەیی لە حکوومەتەوە سەرچاوە دەگرێت، تەنیا لەو یەک ساڵەدا ٤ ژن بانگی دادگای ڕێژیم، ١١ ژن بانگی ناوەندە سەرکوتکەرەکان، ٧ ژن تووشی لێپرسینەوە، ژنێکیش بەبێ حوکمی یاسایی دەسبەسەر کراوە و ١٤ ژن بۆ بەندیخانە ڕاگوێزراون و ٢٧ ژنی دیکە بەهۆی بێ حیجابییەوە ڕووبەڕووی سزای یاسایی و لانیکەم ١٠ ناوەند و شوێنی پێوەندیدار بە بنکەی چالاکیی ژنانەوە یان داخراون یان پلۆمپ کراون.

شایانی باسە لەو یەک ساڵەدا، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لەڕێگەی دەرکردنی سزای قورس وەک ٤٩ مانگ بەندکران، ٣١ مانگ بەندکران لە دادگای پێداچوونەوە، ١٧٨ لێدان بە قامچی و سزای نەختی گوشارەکانیان بۆ سەر ژنان چەندقات زیاد کردووە.

جیگای ئاماژەیە، کە ئەو ئامارانە تەنیا ئەو خاڵانە لەخۆ دەگرێت کە تۆمار کراون و ڕێژەی توندوتیژیی دژی ژنان زۆر لەوە زیاتر و کارەساتبارترە.