
جەماڵ ڕەسووڵ دنخە
ماوەیەکە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن کە دەبێت یاسای چاندنی تریاک لە وڵاتدا پەسەند بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. جیا لە مشتومڕە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان کە لەسەری هەیە و دەبێت کارناسانی تایبەت بەو بوارە قسەی لەسەر بکەن؛ بەڵام ئەو بابەتە خاڵێکە کە لە پەروەردە و بارھێنانی ڕێژیمی ئێراندا خۆی شاردووەتەوە. مێژووی چاندن و بەکارھێنانی تریاک لە ئێراندا لە سەردەمی پاشاکانیشدا هەبووە. بەڵام بە شێوەی فەرمی لە سەردەمی سەفەوییەکاندا تریاک بەکار هاتووە. کاتێک ئەمیر کەبیر لە ئێراندا دەسەڵاتی هەبووە، چاندنی خەشخاش فەرمی کرا. ئەو کارە بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر ڕوو لەو کارە بکات و لە ئەنجامدا بووە هۆی ئەوەی کە پیشەی جۆڵایی "پارچەچنی" لە ئێراندا لەنێو بچێت. ساڵی ١٣٠٧ یاسایەک لە ئێراندا پەسەند کرا کە تەنیا دەوڵەت دەتوانێت خەشخاش بچێنێت. ئەوەش بە بیانووی ئەوە بوو کە دەوڵەت بتوانێت هێزی ئابووریی خۆی بەهێز بکات. بۆیە هەموو کارەکانی وەک ئەمبارکردن و ڕاگرتنی کەوتە دەستی دەوڵەت. لە دوای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەهۆی ئەوەی کە تریاکێکی زۆر لە ڕێژیمی پێشوودا وەک میرات بەجێ مابوو، پەنایان بۆ خومەینی برد کە بڕیارێک بدات. خومەینی بڕیاری دا بەشێک لە تریاکەکانی ئیسفەهان لەنێو ببرێن و بەشێکی ڕابگیرێت. هەروەها خومەینی لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٩دا بڕیاری دا کە تریاک بچێنن و بیفرۆشن. ئەو بڕیارە بوو بە یاسایەکی شاراوە و نەنووسراوە کە هەتا ئێستاش کاری پێ دەکرێت. لەو کاتەوە ئێمە نابینین کە ڕێژیمی ئێران بە توندی لەگەڵ بەکارھێنەرانی تریاک، چ وەک فرۆشیار و چ کڕیار، هەڵسوکەوت بکات. بەڵکوو لە هەندێک حاڵەتدا دەستی داوەتە ئیعدام کە ئەویش بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان بووە. بەهاری ئەمساڵ جێگری قەزاییی دادگوستەریی لوڕستان باسی لەوە کرد کە قوتابییان لە کێڵگەکانی چاندنی ماددە سڕکەرەکاندا کار دەکەن و دەبێت پەروەردە و بارھێنان لەسەر ئەو کارە بڕیارێک بدەن.
خومەینی لە کتێبی "ئیستفتائات"ی خۆیدا لە بەرگی ٨، لاپەڕەی ٧٤دا دەڵێت: "ئەگەر تریاککێشان بۆ سەرگەرمی و خۆشی بێت و نەبێتە هۆی ئەوەی کە گیرۆدەی بیت، هیچ کێشەیەکی نییە." کاتی خۆی، ڕەحمانی فەزڵی، سەرۆکی ستادی بەرەنگاربوونەوەی دژی ماددە سڕکەرەکان، باسی لەوە کرد کە دەبێت پەروەردە و بارھێنان ئامارێکی ڕاست لە قوتابییانی گیرۆدەبوو بە ماددە هۆشبەرەکان بدات. ئێمە ئەو قوتابییانە لە قوتابخانە دەر ناکەین و دەرمانیان دەکەین. ٤٥ لەسەدی زیندانییان لە ئێراندا پەیوەندیی بە ماددە سڕکەرەکانەوە هەیە کە بەشێکی زۆری قوتابییان و خوێندکاران لەخۆ دەگرێت. زۆرێک لە قوتابییان تریاک، حەشیش و هێرۆین بەکار دێنن. بەشێکی زۆری قوتابییان گیرۆدەبوونی خۆیان بە تریاک دەشارنەوە. هۆکارەکانی ئەوەی کە قوتابییان تووشی بەکارھێنانی ماددە سڕکەرەکان دەبن، بۆ پەروەردە و بارھێنان دەگەڕێتەوە کە هیچ بەرنامەیەک لەلایەن ئەو وەزارەتەوە بۆ پێشگرتن و زانیاریدان بە قوتابییان نییە. زۆر بە کەمی لە قوتابخانەکانی ئێراندا باس لە مەترسییەکانی دەکرێت. بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی لە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێراندا نییە کە ڕاهێنان بە قوتابییان بکات و پێیان بڵێت کە ماددە سڕکەرەکان بناغەی ژیان دەشێوێنن. تەنانەت بەشێک لە قوتابخانەکان دژایەتیی بەرنامەی تایبەت بە ماددە سڕکەرەکانیان کردووە. پەروەردە و بارھێنانی ڕێژیمی ئێران بەهۆی ئەوەی کە بەرنامەیەکی بەڕۆژی نییە و لە دەوری بابەتی مەعنەوییەتی دوورەدەست دەسووڕێتەوە، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە قوتابی بیر لەوە بکاتەوە کە بۆچی بەو ئامانجانە نەگەیشتووە کە لە کتێبەکاندا باس کراون. بۆیە تووشی شکستی دەروونی دەبێت و لە کۆمەڵگەدا خۆی بە پەراوێزخراو دەبینێت. متمانەی بەخۆی لەدەست دەدات و بۆ پڕکردنەوەی کێشە سۆزداری و کۆمەڵایەتییەکانی، لەبەر نەبوونی بەرنامەی گونجاو لە پەروەردە و بارھێناندا، پەنا بۆ ماددە سڕکەرەکان دەبات. قوتابخانەکان لە ئێراندا بەهۆی ئەوەی کە بەهایەکی ئەوتۆ بە خواستەکانی قوتابی نادەن، بەڕێوەبەرییەکی بەهێزیان نییە، مامۆستاکان زانیاریی باشیان لەسەر ماددە سڕکەرەکان نییە، ناوەڕۆکی کتێبە دەرسییەکان بەتاڵە و بەرنامەی خۆش و سەرنجڕاکێشیان نییە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکانن. ئاماری قوتابییان و خوێندکارانی تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان لە کوردستان و ئێراندا پێمان نیشان دەدات کە پەروەردە و بارھێنانی ڕێژیمی ئێران تا چەند ڕۆڵی لە تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکاندا هەیە. ئەمە بابەتێکە کە پێش هەموو شتێک بۆ بڕیارەکەی خومەینی و نەبوونی بەرنامە لە وەزارەتی پەروەردە و بارھێناندا دەگەڕێتەوە.