کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی توندوتیژیی پێکهاتەیی دژی ژنان؛ لانیکەم ١١٠ ژن لە ساڵی ڕابردوودا کوژراون

16:15 - 4 سەرماوەز 2725

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هێرانا لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی زەمەنیی یەک ساڵەی نێوان ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣ هەتا ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، لانیکەم ١١٠ ژن لە ئێراندا کوژراون.

هێرانا ڕایگەیاندووە کە جگە لە کوژرانی لانیکەم ١١٠ ژن، هەر لەم ماوە زەمەنییەدا ١٨١ ڕاپۆرت کە ٣٢٠ دۆسییە لەخۆ دەگرن، سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی ژنان تۆمار کردووە کە ئەمە تەنیا بەشێک لە ڕاستییەکان نیشان دەدات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، جگە لە حاڵەتەکانی کوشتن، لانیکەم ٩٣ نموونە لە توندوترین جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان تۆمار کراون کە ٦٣ حاڵەتی دەستدرێژی و ئازاری سێکسی، ١١ حاڵەتی لێدانی تێدا هاتووە، ٩ حاڵەت ئەسیدپێداکردن و ٩ دۆسییەی پێوەندیدار بە توندوتیژیی خێزانیشی تیدایە.

هێرانا هەروەها باسی حاڵەتێکی خۆسووتاندن و یەک حاڵەتی خۆکوژیشی لە پێوەندی لەگەڵ توندوتیژیی جێندەریدا کردووە.

بەپێی بەربڵاوی جوگرافیایی، تاران بە لانیکەم ٥٠ حاڵەتەوە، خوراسانی ڕەزەوی بە ١٣ حاڵەت، ورمێ بە ١١ حاڵەت، فارس بە ٩ حاڵەت و کرماشان بە ٨ حاڵەتەوە لە سەرووی ڕیزبەندی ئەو پارێزگایانەدان کە زیاترین ڕاپۆرتی توندوتیژییان تێدا تۆمار کراوە.

لە بەشێکی دیکەەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕەوتی توندوتیژییەکان لە مانگەکانی بەفرانبار و ڕێبەندانی ١٤٠٣ و هەروەها بەهار و هاوینی ئەمساڵدا هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی گوشارە کۆمەڵایەتی و ئەمنییەەتییەکان بەرز بووەتەوە.

ئەم ڕێکخراوە لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە توندوتیژیی دژی ژنان لە ئێران بەشێک لە پێکهاتەی بەربڵاوتر لە هەڵاواردنی جێندەرییە کە بە شێوەی سیستماتیک مافی بنەڕەتیی ژنان و کچان سنووردار دەکاتەوە.