کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستانی سعوودی پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پچڕاند

14:27 - 14 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: دوای هێرشی تاقمێک لە گۆپاڵ بەدەستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستانی سعوودی لە تاران و مەشهەد، ئەو وڵاتە پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، عادل ئەلجۆبەیر، وەزیری کاروباری دەرەوەی سعوودیە لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵوەشاندۆتەوە و باسیشی لەوە کرد کە بڕیار وایە دیپلۆماتەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتە دەربکرێن.

ئەلجۆبەیر داوای لە کاربەدەستانی ئێرانی کردووە کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا خاکی سعوودی بەجێ بێڵن و هەروەها باڵوێزی ئێرانیش بۆ ئاگادارکردنەوە لەو بڕیارە بانگهێشت کراوە.

وەزیری کاروباری سعوودی هەروەها گوتی کە ئەوە یەکەم جار نییە کە نوێنەرایەتییەکانی سعوودی لە ئێران هێرشیان دەکرێتە سەر.

هەروەها ئەو بەرپرسە باڵایەی سعوودی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی کە ئێران بۆتە شوێنی داڵدەدانی گرووپی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە و چەک و تەقەمەنی بۆ وڵاتانی ناوچەکە بەڕی دەکات و ئەوەش دەبێتە هۆی نائەمنیی وڵاتانی ناوچەکە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دوای ئێعدام‌کرانی شێخ نمر ئاخووندی شیعە مەزهەب، کە بە هاوکاریی و ڕێکخستنی گرووپی تیرۆریستی لە لایەن وڵاتی سعوودییەوە تاونبار ناسرا بوو، ناڕەزایەتییان دەربڕی و تاقمێک لە بەکرێگیروانی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەکانی ئەو وڵاتە.

هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی وڵاتانی بیانی لە ئێراندا یەکەم جاری نیە و ڕێژیمی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتداریی خۆیدا ڕێکۆردداریی هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەکانی لە ئێراندا هەیە.

ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ی هەتاوی، خوێندکارانی پێڕەوی هێڵی خومەینی هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران، ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی بۆ یەکەم جار هێرش کرایە سەر باڵوێزخانەی سعوودی لە تاران و هەمان ساڵیش هێرش کرایە سەر باڵوێزخانەی کوەیت لە تاران، ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی هێڕش کرایە سەر باڵوێزخانەی ڕووسیه، ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی هێرش کرایە سەر باڵوێزخانەی پاکستان، ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی هێرش کرایە سەر باڵوێزخانەی بریتانیا و کۆنسولگەریی سعوودیە لە مەشهەد و ئەمساڵیش بۆ چەندمین خار هێرش کرایە سەر باڵوێزخانەی عەرەبستانی سعوودی.