کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێک بە دژی سەرکوتکردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە پاریس بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ڕیکەوتی ٢ی سەرماوەز، بە هاوکاریی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، خۆپیشاندانێک بە دژی سەرکوتکردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، لە شاری پاریس بەڕێوە چوو.
پاش گرانترکردنی نرخی بێنزین لەلایەن کارگێڕان و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە، گشت توێژ و چینەکانی وەزاڵەهاتووی کۆمەڵگەی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان دەڕبڕی، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، دەستیان لە کوشتن و بڕین و دەسبەسەرکردنی خەڵکی ناڕازی نەپاراست.
لەم پەیوەندییەدا لە پاریسی پێتەختی فەرانسە، خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان بەڕێوە چوو.
ئەو کەسانەی کە لەم خۆپیشاندانەدا وتاریان پێشکەش کرد بریتین لە: ''فرامەرز بەهار" پێشکەشکاری بەرنامە، ویدا فورهودی'' شاعیر، ''یووسف ئەردەڵان''، ''جەلیل گادانی'' بە نوێنەرایەتیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ''فروغ جواهری'' و ''پەرویز نەویدی'' لە حیزبی چەپی ئێران، ''حماد شیبانی''، ''مەسعود جاهد'' و ''عەزیز ماملێ'' وەکوو کۆڕی کۆردەکانی دانیشتووی فەرانسە.
هەروەها ئەو ڕێکخراو و ئەنجومەنانەی کە لە پێکهێنانی ئەم خۆپێشاندانەدا بەشداربوون بریتین لە: ''ئەنجومەنی دیفاع لە زیندانییانی سیاسی، هاوخەباتی سۆسیالیستی لەگەڵ کرێکارانی ئێران، یەکیەتیی نێونەتەوەیی پشتیوانی لە کرێکارانی ئێران، کۆڕی کوردەکانی دانیشتووی فەرانسە، حیزبی چەپی ئێران و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران".