كه‌ریم په‌رویزی
سی و سێ ساڵ پێش، به ده‌سڕێژی دڵڕه‌شی، ویستیان كه خه‌باتێكی خوێناوی، به‌ڵام پڕ له شانازی، بێسه‌ر بكه‌ن تاكوو ده‌ست به‌سه‌ر جه‌سته‌ی نهتهوهیەكهدا بگرن و له ژێر ده‌مامكی دیپلۆماتیكدا، له پشتی مێزی به‌ناو وتووێژ به چه‌كه‌وه ئاماده بوون و دوكتور قاسملووی ڕێبه‌ر و هاوڕێیانیان تیرۆر كرد، به‌و ویسته نگریسه‌وه كه مێشكی نهتهوهیەك بپژێنن و داگیركه‌ریی خاكه‌كه بكه‌ن به داگیركردنی ئیراده و ناسنامه و خولیا.
له ماوه‌ی ئەم سی و سێ ساڵه‌دا وێڕای یادكردنه‌وه له ڕێبه‌ری نه‌مر دوكتور قاسملوو، هه‌ندێ هه‌وڵیش دراوه كه بواره‌كانی كه‌سایه‌تی و بیروبۆچوون و ڕوانگه‌ی دوكتور قاسملوو باس بكرێ و نه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆ و دواڕۆژ هه‌ندێكی له‌سه‌ر بزانن به‌ڵام ئه‌و باسكردنانه كاتێك له خوێندنه‌وه‌یه‌كی گشتی‌تر و چوارچێوهدارتر و ئامانجدارتردا نه‌بن، به كزی و ناته‌واوی ده‌رده‌كه‌ون.
ناسین و باسكردن له دوكتور قاسملووی ڕێبه‌ر ته‌نیا بریتی نییه له باسكردن له ڕۆڵی ڕێبه‌ریی ئه‌و له حیزبی دێموكرات‌دا، هه‌روه‌ك ته‌نیا باسكردن له ڕۆڵی ڕێبەریی ئه‌و له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی كورددا نییه. باسكردن له دوكتور قاسملوو ناتوانێ ته‌نیا باس له خۆنه‌ویستی و ڕێبازی خۆفیداكردنی له پێناوی ئامانجی به‌رزی نه‌ته‌وه‌ییدا بێ، هه‌روه‌ك ناكرێ ته‌نیا باسكردن له زانایی و شاره‌زایی ئه‌و له سیاسه‌ت و زانستی ناسینی كۆمه‌ڵگا بێ.
باس له دوكتور قاسملوو ناتوانێ ته‌نیا باس له ده‌وری ئه‌و له پێوه‌ندیدانی خه‌باتی كورد به خه‌باتی به‌شه‌كانی دیكه له ئێران بێ، هه‌روه‌ك ناتوانێ ته‌نیا باس له ڕۆڵی دوكتور قاسملوو له نزیككردنه‌وه‌ی خه‌باتی به‌شه جیاوازه‌كانی كوردستان بێ. باس له دوكتور قاسملوو ناتوانێ ته‌نیا باس له زانایی له بواری ئابووریی سیاسی و داڕشتنی پلان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئابووریی وڵاتێكدا بێ، هه‌روه‌ك ناكرێ ته‌نیا باس له دیپلۆماتبوون و شاره‌زایی به سه‌ر چه‌ندین زمان و نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی گه‌ل بوون و گه‌یشتن به ناوه‌نده گرنگه دیپلۆماتیكه‌كان بۆ ناساندنی پرسی نه‌ته‌وه‌ی كورد بێ.
باس له دوكتور قاسملوو ناتوانێ ته‌نیا باس له كه‌سایه‌تییه‌كی ڕێبه‌ر بێ كه ده‌توانێ ڕێکخراوێك و حیزبێك ڕێبه‌ری بكا، هه‌روه‌ك ناتوانێ ته‌نیا باس له ڕۆڵی دوكتور قاسملوو له پێگه‌یاندنی تاكه‌كانی دێموكرات‌دا بكرێ. ناكرێ باس له ته‌نیا ڕوانینی دوكتور قاسملوو بۆ دواڕۆژی كۆمه‌ڵگا و دروستكردنی خولیا و هیوا و ئارمان بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك بكه‌ین، هه‌روه‌ك ته‌نیا ناتوانین باس له ورده ڕووداوه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤه‌كان بكه‌ین كه به چ شێوه‌یه‌ك دوكتور قاسملوو مانا به‌و ورده ڕووداوانه ده‌دا و هه‌نگاوه بچووكه‌كانی هه‌ر مرۆڤێك بۆ ژیانێكی به‌خته‌وه‌رانه‌تر باس ده‌كا.
ناتوانین ته‌نیا باس له گرنگیدان و بایه‌خی به‌رزی ئازادی، ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆی تاك و ڕێکخراو، مافی یه‌كسان و هاوتا بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك، بایه‌خی مرۆیی یه‌كسان بۆ ژنان و ئاماده‌ییان له بیاڤی گشتی كۆمه‌ڵگا و سیاسه‌تدا، باس له بایەخی به‌رز و مانای قووڵی شه‌هید، باس له دادپه‌روه‌یی و كۆمه‌ڵگایه‌كی دادپه‌روه‌ر، باس له خۆشه‌ویستی بۆ نیشتمان، خۆشویستنی ژینگه، ڕێزدانان بۆ كه‌سایه‌تیی تاكه‌كان، ده‌وری ڕێبه‌ری له بردنه پێشی خه‌بات و هه‌روه‌ها ژیانی مرۆڤه‌كان، شێوازی پاراستنی مێژوو و ئاسه‌واره‌كانی، گرنگیی كولتوور و فه‌رهه‌نگ و ده‌سكه‌وتی كولتووریی كورد و پرسی گرنگی زمانی كوردی و په‌روه‌رده به شێوازی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌یان شتی دیكه بكه‌ین وه‌كوو ته‌نیا ڕه‌هه‌نده‌كانی بیری دوكتور قاسملوو. به‌ڵكوو به وه‌سه‌ریه‌كخستنی ته‌واوی ئه‌و باسانه و داڕشتنه‌وه‌ی باسه‌كه وه‌كوو گشتیهتێك ده‌گه‌ین به‌و وته‌ی كۆتاییه كه
"كرده‌وه و هه‌نگاوه‌كان و بیروهزری دوكتور قاسملوو قوتابخانەی مانابەخشی ژیانە، بۆ ئه‌وانه‌ی لێی تێده‌گه‌ن. "