کوردستان میدیا

یەکشەممە 3ی رێبەندان 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له‌ته‌ قاسم

21:17 - 15 بەفرانبار 2721

كه‌ریم په‌رویزی

قاسم وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بییه‌ و به‌ واتای كه‌سێك كه‌ ته‌قسیم ده‌كات یان به‌ مانای دابه‌شكه‌ر دێ. به‌و پێیه‌ قاسم كه‌سێكه‌ كه‌ بۆ دابه‌شكردن دیاری كراوه‌ و ئه‌ركی خۆی له‌ دابه‌شكردنی به‌رده‌وامدا ده‌بینێته‌وه‌.

قاسمه‌كه‌ی خامنه‌ییش كه‌ زۆری له‌به‌ردڵان بوو و بۆ مردنه‌كه‌ی تێر گریا و تازه‌ییش بڕیاری داوه‌ هه‌ر كه‌س له‌ ڕاگه‌یه‌ندنه‌كان باسی خراپه‌كانی بكات، له‌داری بده‌ن، كه‌سێك بوو كه‌ به‌ناوی پاراستنی حه‌ره‌می ئیمامزاده‌كان، له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا خه‌ریكی بڵاوكردنه‌وه‌ی توندوتیژی و ئاژاوه‌گێڕی و كوشتار بوو.

قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی ڕێژیمی كۆلۆنیالیستیی تاران بوو كه‌ تایبه‌ت به‌ كاری تیرۆر و كوشتار له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێران دیاری كرابوو، به‌ڵام هه‌ندێ جاریش كه‌ سوپای پاسداران له‌ نێو ئێران له‌كزیی ده‌دا، قاسم و سوپا تیرۆریستییه‌كه‌یان ده‌هێنایه‌وه‌ بۆ نێو ئێران بۆ سه‌ركوتی خه‌ڵك: به‌شداریی حیزبوڵای لوبنان له‌ سه‌ركوتی خۆپیشاندانه‌كان له‌ تاران و شاره‌ گه‌وره‌كان، به‌شداریی میلیشا عێراقییه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ سه‌ركوتی خۆپیشاندانی ئه‌هواز و هه‌روه‌ها به‌ پێی هه‌ندێ هه‌واڵ به‌شداریی قاسم سوله‌یمانی له‌ شه‌ڕی كۆساڵان دژ به‌ پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكرات، له‌ نموونه‌كانی ئه‌و بابه‌ته‌ن.

قاسم كه‌ دوو ساڵ پێش و له‌ سێی ژانویه‌دا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا له‌توكوت كرا، پێش له‌ كوژرانی كاری ئه‌وه‌ بوو گرووپی جیاجیا ته‌نانه‌ت له‌ نێو شیعه‌كانی عێراقیش دروست بكات و به‌گژ یه‌كیاندا بكا و بۆ هه‌ر شوێنێك ده‌ڕۆیشت كاری ته‌نیا كوشتار و به‌گژیه‌كداكردن بوو و له‌ سووریه‌ش ئیدی ڕووی هیتلێری سپی سپی كرده‌وه‌!

دوای له‌تبونی خودی قاسم به‌ ڕاكێتی ئامریكایی، وادیاره‌ ڕۆڵی له‌تكه‌ریی "قاسم" ی سوله‌یمانی ته‌واو نه‌بووه‌!

دوای دوو ساڵ له‌ ئاسووده‌یی ناوچه‌ به‌ده‌ست گه‌وره‌تیرۆریستێك وه‌كوو له‌ته‌قاسمه‌وه‌، ئێستا له‌ته‌كانی هه‌ر له‌ باری ده‌روونییه‌وه‌ كاریگه‌ری داده‌نێن و ده‌بینین كه‌ به‌ناو سیاسیی وه‌ها به‌شانوباڵی له‌ته‌قاسمدا هه‌ڵده‌ڵێن كه‌ مێژووش هه‌ڵی ناگرێ!

ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن دووباره‌ هه‌مان ڕێی قاسم سوله‌یمانی درێژه‌ ده‌ده‌ن كه‌ دابه‌شكردن و جیاكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌ له‌یه‌كدی و به‌گژیه‌كداكردنه‌وه‌یانه‌‌!

قاسم سوله‌یمانی هیچ كارێكی نه‌بوو كه‌ خه‌ڵك دڵیان پێ خوش بێ و ئه‌وه‌نده‌ی تاوان له‌ ئێران و عێراق و سووریه‌ و لوبنان و یه‌مه‌ن خوڵقاندووه‌ كه‌ هه‌ر پێداهه‌ڵگوتنێک به‌و، خوێ به‌ برینی ده‌یان و سه‌دان هه‌زار كه‌سدا كردنه‌. پێداهه‌ڵگوتن به‌ قاسم سوله‌یمانی هه‌موو ئازاره‌كانی سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ و بنه‌ماڵه‌ی كوژراوانی سووری دووباره‌ ده‌كولێنێته‌وه‌. به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بریندار ده‌كات و دووباره‌ دژایه‌تیی خه‌ڵك به‌ نیسبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ كه‌ پێیدا هه‌ڵده‌ڵێن نوێ و تیژتر ده‌كاته‌وه‌.

قاسم سوله‌یمانی ته‌نیا بۆ خامنه‌یی قازانجی هه‌بوو چوونكه‌ هه‌ردووكیان نه‌خۆشیی ده‌روونییان هه‌بوو و حه‌زیان له‌ ئاژاوه‌ و خوێنڕشتن بوو و خامنه‌یی پێی وابوو و پێی وایه‌ كه‌ ته‌نیا به‌ شه‌ڕ و ئاژاوه‌، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێ به‌ڵام بۆ هه‌موو خه‌ڵكی دیكه‌ و ته‌نانه‌ت بۆ خه‌ڵكی ئێران و بۆ فارسه‌كان له‌ ئێرانیش هێمای ماڵوێرانی و تیرۆر و كوشتار بوو. هیج ویژدانێكی ئازا، به‌ ڕاده‌ی دڵۆپه‌ قوڕێكیش دڵی به‌ لای قاسم سوله‌یمانیدا لێ نادا و ئه‌وه‌ كۆماری ئیسلامییه‌ كه‌ ده‌یهه‌وێ له‌و تاوانباره‌ی مێژوو، قاره‌مانێكی درۆینه‌ بۆخۆی ساز بكا.