کوردستان میدیا: لێکۆڵەرێکی ناوداری کورد لە کرماشان، بە هۆکاری نادیار دەسبەسەر کرا و تا ئێستە لە چارەنووسی زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی رۆژی دووشەممە ۱ی رێبەندان، ناسر ئەمینیخا دانیشتوی دەوڵەتاوای شاری کرماشان لە ماڵەکەی خۆی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی سەر بە ئیتلاعات دەسبەسەر کرا.
بەوتەی هەواڵنێری کوردستان میدیا لە کرماشانەوە هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم پاش پشکنینی ماڵەکەی کامپیوتێر و کەلوپەلی تایبەتی ناوبراویشیان لەگەڵ خۆ بردووە و تا ئێستاش چارەنوسی نادیارە.
ناسر ئەمینیخا چالاکی فەرهەنگی و توێژەر لە بواری شوێنەوارناسییە و دوایین لێکۆڵینەوەی بە هاوکاری زانکۆی کۆپێنهاگن لە تەپەی خەیبەر لە روانسەر بووە، هەروەها بەرهەمی لێکۆڵینەوە و موتاڵای مەیدانی لە بواری فەرهەنگی و کەونینەناسی لەسەر ناوچەی هەورامان و بەشەکانی تری کوردستان و ئێران هەبووە.
ناوبراو خاوەنی چەندان وتاری زانستی لە بابەت کەونینەناسی و شوێنەوارەوەیە کە بە زمانەکانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی، بڵاو کراونەتەوە؛ ئەمینیخا خاوەنی دوو کتێبی بە نرخە لە سەر هەورامان ناسی کە یەکیان لە سەر فەرهەنگ و مێژووی هەورامان و کتێبێکیشی لە سەر شوێنەوارەکانی هەورامان و کرماشانە .
جیا لەم کارە بەپێزانە ناسر ئەمینیخا ماندونەناسانە لە بوومەلەرزەی سەرپێڵی زەهاو لە پێڕاگەیشتن و یارمەتیدانی لێقەوماوان دەستی باڵای هەبوو.