ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەرمانان، ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئامریکا لە ٢٨ـەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی شەهیدانی میکۆنووس وێبنارێکی بەڕێوە برد.
هەر یەک له کۆڕگێڕان "ڕێبوار سەلیمی" و"سەلاح پیرۆتی" دوو پێشمەرگە و هاوسەنگەری دوکتور "شەرەفکەندی" لە وێبنارەکەدا لەسەر کەسایەتی و هەڵسوکەوتی ئەو ڕێبەرە قسەیان کرد.
کۆڕگێڕان بە ئاوڕدانەوە لە کەسایەتی و ڕابردووی سیاسی و تواناییەکانی ئەو ڕێبەرە مەزنە لەبارەی خەبات و تێکۆشانی سیاسی و حیزبی لە مێژووی گەلەکەمان قسەیان کرد.
هەروەها ئەو دوو پێشمەرگەی سەردەمی دوکتور "شەرەفکەندی" سەبارەت بە چۆنیەتی ژیانی دوکتور "سەعید" باسێکی پڕ ناوەرۆک، کورت و پر لە زانیارییان لەبارەی چۆنیەتی پەیوەستبوونی بە حیزب و پەیوەندی لەگەڵ دوکتور "قاسملوو" لە دەرەوی وڵات هەتا پەیوەستبوون و ئەندامبوونی ئەو شەهیدە مەزنەیان خستە بەر باس.
"ڕێبوار سەلیمی" کە حەوت ساڵ لەگەڵ دوکتور "سەعید" بووە باسی لە چۆنیەتی کار و بەڕێوەبردنی ئەرکی پێشمەرگایەتی لەگەڵ دوکتور "شەرەفکەندی" کرد.
ناوبراو بوونی دیسیپلین، هەڵسوکەوتی شیاو، ژیانی سادە، خاکیبوون و دڵسوزی بۆ حیزب و گەلەکەی لە خسڵەتەکانی دوکتور "شەرەفکەندی" وەسف کرد.
هەروەها "سەلاح پیرۆتی" لە بارەی ژیانی سادەی دوکتور "شەرەفکەندی" وەک پیشمەرگەیەک قسەی کرد.