کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی سوئید، ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی بەرز ڕاگرت.
ڕۆژی شەممە، ١٧ی خاکەلێوە، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات، لە شاری "کاڵماریـ"ـی وڵاتی سوئید، کۆبوونەوەیەکی بۆ یادکردنەوە و ڕێزگرتن لە ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ پێک هێنا. لەو کۆبوونەوەیەدا، "جەلال ئەلیاسی''، بەرپرسی کۆمیتەی "کاڵمار"، وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و قوربانیدانی لە پێناو ئازادی و دێموکراسیدا، بەکورتی باسێکی لەسەر پیرۆزی و پێگە و کاریگەریی شەهید پێشکەش کرد.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، بەشداران لەو پێوەندییەدا، ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربڕی و پەیمانیان لەگەڵ ڕێباز و ئامانجی شەهیدان نوێ کردەوە.
دواتر ئەو کۆمیتەیە، لە درێژەی چالاکییەکانیدا، بە هاوکاریی ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبی لە شاری نیشتەجێبوونیان سەردانی بنەماڵەی شەهیدانیان کرد و لەوحی ڕێزلێنان و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان کرد.