کوردستان میدیا

سێشەممه 1ی رەزبەر 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مه‌رگه‌ساڵ

17:32 - 29 رەشەمه 2719

كه‌ریم په‌رویزی

ڕۆژانی كۆتایی ساڵی ١٣٩٨ی هه‌تاوی تێپه‌ڕین و سبه‌ی ڕۆژی نوێ و ساڵی نوێیه‌ و به‌پێی ڕه‌وتی ئاسایی ژیان، خه‌ڵك ده‌بێ له‌ ڕۆژانی كۆتایی ساڵدا دڵخۆش بن كه‌ ساڵ ته‌واو ده‌بێ و ڕێوڕه‌سمه‌كانی نه‌ورۆز و ساڵی نوێ ده‌گرن. هه‌موو ساڵێك ئه‌م ڕۆژانی كۆتایی ساڵه‌، ڕۆژانی خۆئاماده‌كردن بۆ پێشوازیی ساڵی نوێ بووه‌ و كۆمه‌ڵگا و بنه‌ماڵه‌كان جموجووڵێكیان تێدا بووه‌ كه‌ به‌ره‌و نوێبوونه‌وه‌ی ژیان و نوێبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانیان بڕۆن.

به‌ڵام ساڵانێكه‌ كه‌ ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی خۆشی و شایی له‌ خه‌ڵك درێخ كردووه‌ و لێی كردوون به‌ ژه‌هری تاڵ. ساڵانێكه‌ كه‌ ئه‌م ڕێژیمه‌ دڕنده‌یه‌، له‌ ترسی شایی خه‌ڵك ڕۆژانی كۆتایی ساڵی كردووه‌ به‌ ڕۆژانی مانۆڕی هێز و داپڵۆسینی خه‌ڵك و پێشگرتن به‌ كۆبوونه‌وه‌ و ڕێوڕه‌سمه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان، چوونكه‌ ڕقی له‌ هه‌رجۆره‌ كۆبوونه‌وه‌ و شاییه‌كه‌. زیاتر له‌وه‌ش به‌هۆی سیاسه‌ته‌ گه‌نده‌ڵكاری و تاڵانكارییه‌كانییه‌وه‌، ساڵ له‌گه‌ڵ ساڵ ژیانی له‌ خه‌ڵك قورستر كردبوو و ڕۆژانی كۆتایی ساڵ، خه‌ڵك ته‌نیا دڵخۆشیی نوێبوونه‌وه‌ی ساڵیان بۆ ده‌مایه‌وه‌، ده‌نا تا ده‌هات سفره‌یان بچووكتر و گیرفانیان به‌تاڵتر و حه‌سره‌تی دابینكردنی ئاواتی منداڵه‌كانیان قورستر ده‌بوو.

سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش هێشتا تۆزه‌ دڵخۆشییه‌كی نوێبوونه‌وه‌ی ساڵ و نه‌ورۆز له‌ دڵی خه‌ڵكدا مابوو، كه‌ ئه‌مساڵ ئه‌م ڕێژیمه‌ دژه‌مرۆییه‌ ئه‌وه‌شی لێ دزین. ئیدی نوێبوونه‌وه‌ی ساڵ هیچ مانایه‌ك نادا بۆ ئه‌م نه‌ته‌وانه‌ی له‌ ئێراندا بوون به‌ بارمته‌ و دیلی ده‌ستی ڕێژیمی ویلایه‌تی فه‌قیهی. ئه‌مساڵ وێڕای سوپای پاسداران و هێزی داپڵۆسێنه‌ر، وه‌لیی فه‌قیهی دیارده‌یه‌كی دیكه‌شی هێنا و كڕۆنای به‌ ئازاره‌كانی گه‌له‌وه‌ زیاد كرد.

به‌ڵای كرۆنا كه‌ به‌ده‌ستی ئایه‌توڵاكان هێنرایه‌ ئێران و له‌ هه‌موو وڵاتدا بڵاو كرایه‌وه‌، بڕستی ژیانی له‌ كۆمه‌ڵگا بڕیوه ‌‌و پێشوازیی ساڵی نوێی له‌ خه‌ڵك كردووه به‌ شینی له‌دستدان و ئازاركێشانی ئازیزان.

له‌م ساڵدا، كرۆنا دوایین به‌ڵا بوو كه‌ ئه‌م ڕێژیمه‌ به‌ دیاری بۆ نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی هێنا و پێش له‌وه‌ش به‌ مووشه‌ك له‌ فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نیی دا و خستیه‌ خواره‌وه‌ و گوایه‌ قه‌رار بوو تۆڵه‌ی كوژرانی قاسم سلێمانیی تیرۆریست له‌ ئامریكا بكاته‌وه‌، به‌ڵام داخی خۆی به‌ سه‌ر خه‌ڵكی ئێراندا هه‌ڵڕشت.

پێش له‌وه‌ش له‌ خه‌زه‌ڵوه‌ردا به‌ سه‌دان كه‌سی له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێران كوشتار كرد و به‌ هه‌زارانی بریندار و ده‌یان هه‌زاریشی ده‌سبه‌سه‌ر كرد.

ساڵی ١٣٩٨، به‌ ملهۆڕی و دروشمه‌ بێبنه‌ماكانی وه‌لیی فه‌قیه ده‌ستی پێكرد و هه‌تا ده‌هات له‌ سه‌ره‌ڕۆیی ناوكییان زیاتر ده‌كرد و له‌گه‌ڵ بانك‌ و سیستمه‌ جیهانییه‌كان كێشه‌ی زۆرتریان دروست كرد. له‌ نێو ئێرانیش ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ سه‌ركوت و كوشتاریان زیاتر كرد.

ساڵی ١٣٩٨، ساڵی پڕ له‌ مه‌رگ و نه‌هامه‌تی بۆ نه‌ته‌وه‌كانی ئێران بوو و له‌م مه‌رگه‌ساڵه‌دا، هه‌زاران بنه‌ماڵه‌ له‌ كورد و تورك و فارس و عه‌ره‌ب و به‌لووچ و توركمه‌ن داخدار بوون و به‌ كرۆناوه‌ ساڵ نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌ و لووتكه‌ی ئازاره‌كانی كرۆنا ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ساڵی داهاتوو. گه‌لان هیوادارن له‌گه‌ڵ لووتكه‌ی كرۆنادا، ڕێژیمیش به‌ره‌و لێژایی و قوڵایی دۆڵی نه‌مان بڕوا، چوونكه‌ هه‌ر ڕۆژ زیاتر مانه‌وه‌ی ڕێژیمی ویلایه‌تی فه‌قیه، مه‌رگێكی نوێ به‌ دیاری بۆ خه‌ڵك دێنێ. به‌هیوای نه‌مانی سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كان له‌ ساڵی ١٣٩٩دا.