کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نتانیاهوو: ئەگەر نەتوانین پێش بە حەماس بگرین لەنێوی دەبەین

12:57 - 30 بانەمەڕ 2721

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە ئامانج لە بوردومانی لێواری غەزە ئەوەیە کە ئەگەر نەمانتوانی بزووتنەوەی حەماس ڕاگرین لەنێوی ببەین.

"بنیامین نتانیاهۆ" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاندووە: "لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ حەماسدا تەنیا دوو بژاردە هەیە، یان ئەوەی کە لەنێویان ببەین و ئەمە بژاردەیەکە لەسەر مێزدایە، یان ئەوەی کە پێشیان پێ بگیردرێت و لە ئێستادا ئێمە خەریکی بەدیهێنانی ئەو ئامانجەین".

ناوبراو هەروەها لە دانیشتنێکیدا لەگەڵ باڵوێزی وڵاتانی دەرەکیدا لە تێلئاڤیڤ وتوویەتی کە ئەوان سەرجەم ئەگەرەکانیان لەبەرچاو گرتووە.

ناوبراو شی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی لەگەڵ هێزێکی توندئاژۆدا لە شەڕدایە و هیچ بژاردەیەک جگە لە پاشەکشە پێکردن بەو گرووپە تێرۆریستییە بوونی نییە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە بزووتنەوەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە ئەو دوو گرووپە لە ژێر زەوینەکانی غەزەدا و لەنێوان ماڵەکاندا چەکوچۆڵی خۆیان هەمار کردووە و دانیشتووانی سیڤیلیان وەکوو قەڵخانی مرۆیی بەکار هێناوە.

نتانیۆهۆ ڕایگەیاندووە کە حەماس و جیهادی ئیسلامی هەتا ئێستا ٤ هەزار مووشەکیان بەرەو ئیسرائیل هاویشتووە و هێزەکانی ئیسراییل لە بەرگری کردن لە شارەکان لە بەرانبەر ئەو مووشەکانەدا بەردەوامن.