کوردستان میدیا: دوکتور "عادڵ فەیزی" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان بەشداری له کۆنگرەی ئاڵمان و ئیسرائیلدا کرد.
ڕۆژی یەكشەممە، ڕێكەوتی٤ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، پێنجەمین کۆنگرەی ئاڵمان و ئیسرائیل له شاری فرانکفۆرتی ئاڵمان به شداری كۆمەڵێک كەسایەتیی سیاسیی و ڕووناكبیری ئاڵمانی و ئێسرائیلی و لەوانە باڵوێزی ئێسرائیل له ئاڵمان و وەزیری ئەمنییەتی ئێسرائیل و چەند ئەندامی کوردی کنێسێتی ئێسرائیل و چەندین پارلەمانتاری ئاڵمان بەڕێوە چوو.
لەم کۆنگرەیەدا دوکتور عادل فه یزی، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان كە بە فەرمی بانگهێشت كرابوو، لە پانێلێكی تایبەت بە ئێران، وێڕای "مارتین پاتزلت" ئەندام پارلومانی ئاڵمان لە پارتی دێموكرات مەسیحی، دوکتور "شتێفان گریگات" مامۆستای زانكۆ بەشداری كرد.
نوێنەری حیزبی دێموکرات وێڕای باسێكی كورت سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ئێران و ئەو قەیرانەی ڕێژیمی تێكەوتووە، پرسی نەتەوە بندەستەكانی ئێرانی وەك پرسێكی جێدی هێنایە بەر باس.
فەیزی لە درێژەی وتەكانیدا ئاماژەی بە بارودخی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كرد و وتی: "ئێمە وەك حیزبی دێموكرات باوەڕمان وایە كە تەنیا بە نەمانی ڕێژیمی ئێران، ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە وڵاتدا دێتە دی و بو ئەم مەبەستەش هەموو هەوڵێكی خومان خستووەتە گەڕ و بە گرێدانی خەباتی پێشمەرگانە بە خەباتی مەدەنیەوە و هەروەها بە نزیكبوونەوە لەگەڵ باقی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەوڵدان بو یەكدەنگی و یەک گوتاری، چالاكییەكانمان دژ بە ڕێژیم چڕ كردووەتەوە."
لە كوتاییدا كۆمەڵێك پرسیار ئاراستەی نوێنەری حیزب كران كە بەڕێزیان وڵامی پرسیاری بەشداری دایەوە.