کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان لەگەڵ بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی ئاڵمان کۆ بووەوە

17:26 - 27 رێبەندان 2719

"مستەفا قازیزادە"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان، سەردانی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی "دێموکرات مەسیحیی ئاڵمانـ"ـی لە بێرلین کرد.

ئەو حیزبە حیزبی یەکەمی ئاڵمانە و دەسەڵاتی حکوومەتی بەدەستەوەیە.

"قازیزادە" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان لەگەڵ "بێرتیل وێنگەر"، بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی "دێموکرات مەسیحیی ئاڵمان" دیداری کرد.

لەو دانیشتنەدا، نوێنه‌ری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای باسێکی گشتی بەنیسبەت سیاسه‌ته‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئامانجی حیزبی دێموکراتی بەنیسبەت پرسی کورد له کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕوون کرده‌وه.

ناوبراو هه‌وڵه‌کانی حیزبی دێموکراتی له چوارچێوه‌ی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کان بو ئێرانێکی فێدراڵ و چه‌ندین هاوپەیمانیی دیکەی خسته‌ به‌رچاو.  لەو پێوەندییەدا هاوکاریی نێوخۆیی لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانی هاتە باس.

نوێنه‌ری حیزبی دێموکرات باسی لە ڕۆڵی وێرانکەری ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و هەوڵی سیخوڕیی ڕێژیمی ئێرانی لە ئاڵمان و بەگشتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی وەک مەترسییەکی گەورە وەسف کرد.

قازیزادە له بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژه‌ی به بارودۆخی ئێستای مافی مرۆڤ له کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەو دیدارەدا، ئاماژەی بە پەلەقاژەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی کرد کە هەوڵ دەدات لە ڕێگای هەڵبژاردنەکانی ڕۆژانی داهاتوودا درێژە بە مەشروعییەتی ناڕەوای خۆی بدات.