کوردستان میدیا

پێنجشەممه 1ی خاکەلێوه 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە یەکیەتیی ئورووپا، لە کۆنفڕانسێکی گرینگدا بەشداری کرد

11:13 - 23 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە یەکیەتی ئورووپا، لە كۆنفڕانسی سیاسەتی دەرەوەی بلژیک و هەروەها شەڕێكی هەمەلایانە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەمڕۆدا، بەشداری کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە چوارچێوەی چالاكیی بەشی پێوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، "حیسام دەستپیش"، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە یەكیەتیی ئورووپا، لە "كۆنفڕانسی سیاسەتی دەرەوەی بلژیک و هەروەها شەڕێكی هەمەلایانە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەمڕۆدا " بەشداری كرد،كە لە دوو ناوەندی خوێندنەوەی ستراتژیک بەڕێوە چوو.

ئەم دوو ناوەندە بریتین: ناوەندی "ئێگمۆنت" یان (ئەنستیتۆی شاهانە بۆ پەیوەندییە نیونەتەوەیییەكانی پەیوەست بە سیاسەتی بلژیكەوە) و  "یەكیەتیی گشتیی ئەرمەنییەكان"، کە ناوەندێكی خۆبەخشی ئەرمەنییەكانە و كار لەسەر دۆزی ئەرەمەنییەكان دەكات.

ئەم كۆنفڕانسە بە بەشداریی نوێنەرانی باڵوێزخانەكان و كاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوە و پێشکەشکردنی پانێلەکان لە لایەن كۆمەڵێک كەسایەتی ئاكادیمییەوە بەڕێوە چوو، کە لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی بلژیک سێ پانێل لە ڕەهەندە جیاوازەكانی سیاسەتی دەرەوەی بلژیک دیاری و باس كران.

شایانی باسە، لە كۆنفڕانسی پەیوەست بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ئەمڕۆدا، سێ شارەزای بواری مێژوو، سیاسەت و توێژینەوە، بیروبۆچوونی خۆیان سەبارەت بە شەڕ و ئاژاوەكانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست خستە بەرباس.