کوردستان میدیا

هەینی 3ی جۆزەردان 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزب سەردانی پارلەمانی ئاڵمانی کرد

12:15 - 11 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، سەردانی پارلەمانی ئەو وڵاتەی کرد و لەگه‌ڵ هه‌ر دوو فراکسیۆنی سوسیال دێموکرات و پارتی سه‌وز کۆبوونه‌وه‌ی پێکهێنا.

 ڕۆژی دووشه‌ممه،  ٦ی ڕەشەممەی ١٣٩٧ی هەتاوی ، به‌ڕێز "د. عادڵ فه‌یزی" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، سه‌رانی پارلەمانی ئەو وڵاتەی کرد و لەگەڵ هەر دوو فراکسیۆنی سوسیال دێموکرات و پارتی سەوز کۆبوونەوەی پێکهێنا، کە له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا کۆمه‌ڵێک بابه‌تی گرینگ و پێوه‌ندیدار به کوردستان و ئێران هاتنه‌ به‌ر باس.

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌و چاوپێکه‌وتنانه‌دا باسیان لێوه کرا بریتی بوون له‌: بارودۆخی سیاسی و ئابووریی کوردستان و سیاسه‌ته‌کانی ڕێژیم بۆ دژایه‌تیی خه‌باتی ڕه‌وای گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، پرسی ڕاسان و حوزووری به‌رچاوی کادر و پێشمه‌رگه‌ له هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان، گوشاره‌کانی ڕێژیم بو سه‌ر چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی و گرتن و به‌ندکردنی سه‌دان که‌س له کوردستان و چه‌ندین بابه‌تی دیکه‌ی په‌یوه‌ندیدار به پرسی کورد لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.

له درێژه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌کاندا،  نوێنه‌ری حیزب سه‌باره‌ت به‌و قه‌یرانه‌ی کە ڕێژیمی ئێرانی تەنیوە قسه‌ی کرد و گوشار و گەمارۆکانی بو سه‌ر ڕێژیم به گرینگ ناو برد و له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه دا که پێویسته ئه‌م گوشارانه گشتگیرتر ببن و له‌م ڕاستایەدا وڵاتانی ئورووپایی و به تایبه‌ت ئاڵمان که کاریگه‌رییەکی زۆریان له یه‌کیەتی ئورووپادا هه‌یه، پاسیڤ نه‌بن و له‌م کاته هه‌ستیاره‌دا که ڕێژیم تووشی قه‌یرانێکی بێوێنه هاتووه و هیوای خه‌ڵکیش به ڕووخانی ڕێژیم زیاتر بووەتەوە، پشت له خه‌ڵک و ئۆپۆزسیۆنی دێموکراتیک نه‌کرێت، به‌ڵکوو وڵاتی ئاڵمان هه‌وڵ بدات پشتگیری له خه‌ڵکی ئازادیخواز و پارته دێموکراتیک و ئازادیخوازه‌کان بکات.