کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزب لە دانمارک سێمنارێکی بۆ سۆسیال دێموکراتەکان پێک هێنا

12:13 - 14 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی دانمارک، سێمینارێکی بۆ یەکیەتیی لاوانی سۆسیال دێموکراتەکان گرت.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕ، نوێنەری حیزبی دێموکرات، لە وڵاتی دانمارک، بە مەبەستی زیاتر ناساندنی دۆزی ڕەوای کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکرات، لەژێر ناوی "کێشەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات"، سێمینارێکی بۆ ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی سۆسیال دێموکراتەکانی دانمارک لە شاری هۆرسنس گرت.

لەو سێمینارەدا، کە لە بارەگای سەرەکیی سۆسیال دێموکراتەکان پێشکەش کرا، سەرەتا باسێکی گشتیی لەسەر هەر چوارپارچەی کوردستان و هەوڵی بێوچانی کوردانی چواربەشی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانیان پێشکەش کرا.

پاشان لەسەر پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات گفتوگۆ کرا.

لەم بەشەدا، شۆڕشی سمکۆی شکاک هەتا کۆماری کوردستان و هەروەها شۆڕشی گەلانی ئێران باسیان لەسەر کرا و ڕۆڵی کورد بەگشتی و حیزبی دێموکرات لە سەرەتای دروستبوونیەوە هەتا ئێستا کەوتە بەرباس و پێشهاتە مێژووییەکان شیکارییان بۆ کرا.

لە درێژەی ئەو باسەدا، کێشەگەلی وەک: زیندانییانی سیاسی، لەسێدارەدان، تێرۆر، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی ڕۆژنامەوانی، مافی مرۆڤ، خۆکوشتن، مادە هۆشبەرەکان، کێشەی مین و دیاردەی کۆڵبەری، کە بەگشتی لە بەرهەمەکانی کۆماری پەت و سێدارەن باسیان لەسەر کرا و جێی سەرنجی ئامادەبووان بوون.

لەو بەشەدا بەتایبەتی تیشک خرایە سەر کێشەی تێرۆر لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، کە دوایین نموونەی هەوڵی تێرۆری چەند کەسی سیاسی ئەهوازی بوو لە وڵاتی دانمارک.

لە کۆتاییی سێمینارەکەدا ئامادەبووان زۆر چالاکانە پرسیاریان لە بارەی باسەکانەوە کرد و لە لایەن نوێنەری حیزبەوە وڵام درایەوە.