کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هه‌ر په‌نابه‌رێك تاوانێك ئه‌جام بدات له‌ وڵاتی ئاڵمان ده‌رده‌كرێت

21:33 - 23 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: وه‌زاره‌تی نێوخۆ و دادوه‌ریی ئاڵمان، گه‌ڵاڵه‌یه‌كی ئاماده‌ كردووه‌ كه‌ تێیدا، سه‏‌رە‌ڕای ئه‌وه‌ی یاسای تایبه‌ت به‌ ده‌ستدرێژیی جینسی هه‌موار ده‌كاته‌وه‌، ڕێگه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی ئاڵمان ده‌دات كه‌ هه‌ر په‌نابه‌رێك تاوانی توندوتیژ و فیزیكی ئه‌نجام بدات، له‌و وڵاته‌ دەربكرێت.

به‌پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه‌ بڵاو كراونه‌ته‌وه‌، وه‌زاره‌تی نێوخۆ و دادوه‌ریی ئاڵمان ئاشكرای كردووه‌ كه‌، پلانه‌ نوێیه‌كه‌ی حكوومه‌ت ده‌چێته‌ قۆناغی جێبه‌جێ كردن و پلانه‌كه‌ش ڕێگه‌ به‌ حكوومه‌تی ئاڵمان ده‌دات كه‌ به‌ ئاسانی و به‌ په‌له،‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌ر بكات كه‌ تاوانێك ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

تۆماس دمزیری وه‌زیری نێوخۆی ئاڵمان، ڕۆژی سێ‏شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٢٣ی به‌فرانباری ساڵی ١٣٩٤ ڕایگه‌یاند كه‌؛ له‌ پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتی ئاڵمان، هه‌ر په‌نابه‌رێك تاوانێكی توندوتیژ و فیزیكی ئه‌نجام بدات، له‌ وڵاته‌كه‌یان ده‌رده‌كرێت.

شایانی باسه‌ كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌وڵه‌تی ئاڵمان، ئه‌و كه‌سانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ تاوانی پەیوەندیدار بە یاساکانی هاتوچۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.