کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان بەپێی بەرنامە بوو

14:51 - 28 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: هێرشی ئەندامانی بەسیج و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان بەرنامەداڕێژراو بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بەپێی بەرنامەیەک کە پێشتر لە لایەن ئەو ڕێکخراوەیە داڕێژرابوو، هێڕشی کردە سەر باڵوێزخانەی عەرەبستانی سعوودی لە تاران.

دوای ‌هێرشی بەکرێگیراوان و ئەندامانی بەسیج و سپای پاسداران بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، ئەو هێرشەیان بە کارێکی خۆڕسک ناو برد.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بۆ دیزەبەدەرخۆنەکردنی ئەو هێرشە، چەمکی نفوذییان بۆ ئەو کەسانەی کە هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانه‏ی عەرەبستان بەکارهێنا.

ماڵپەڕی کلمە یەکێک لە ماڵپەڕەکانی نێوخۆیی ڕێژیمی ئێران لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە سپای پاسداران ڕێکخەری هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان بووە.

دوای هێرشی تاقمێک لە ئەندامان و بەکرێگیراوانی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان لە تاران و کۆنسولخانەی ئەو وڵاتە لە مەشهەد، بەرپرسانی نیزامیی و ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران، ئەو کردەوەیان بە خۆڕسک ناو برد و خۆیان لێ نەبان کرد.

ڕێژیمی ئێران دوای ئیعدامی شێخ نمر، هەڕەشەی لەناوبردنی لە عەرەبستان کرد و بەرپرسانی نیزامیی ئەو ڕێژیمە ڕایانگەیاند کە؛ ئەو کارەی عەرەبستان بێ‏وەڵام نا‌هێڵنەوە.

هێرش بۆ سەر ناوەندە دیپلۆماتیکەکانی وڵاتانی بیانی لە هەر وڵاتێک، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە، بەڵام ڕێژیمی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتداریی خۆیدا ڕێکۆردداری هێرش بۆ سەر بنکە و بارگا دیپلۆماتیکەکانی وڵاتانی بیانی بووە و ئەو شوێنانەی بە شوێنی فیتنە و ئاژاوە ناودێر کردووە و دەیکات.