کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی سپای پاسداران پێشیان بە نۆژەنکردنەوەی خانووی هاووڵاتییەک گرت

15:54 - 18 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: سپای پاسداران و شارەوانیی ئورمیە بە بیانووی جۆراوجۆر، پێشیان بە نۆژەنکرانەوەی خانووی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە گرتووە.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ پێش ئێستا هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ئورمیە دانیشتووی شەقامی ئیحسان تەرزیلۆ، کە ویستوویەتی پاش ٣٠ ساڵ خانووەکەی نۆژەن بکاتەوە، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پێشی پێ گیرا.
ئەو هاووڵاتییە پاش رووخاندنی خانووەکەی چەند کەس لە دەست و پێوەندییەکانی سپای پاسداران، دەچنە شوێنەکە بەو هاووڵاتییە رادەگەیەنن کە ئیزنی نۆژەنکردنەوەی نییە، بەڵام دواتر بە ورگرتنی هەندێ بەرتیل رازی بە نۆژەنکردنەوەی خانووەکە دەبن و بەڵێنیی ئەوەشی پێ دەدەن کە کاری بۆ دەکەن لە رێی یاسایی‌یەوە مۆڵەت بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووەکەی وەربگرن.
پاش ئەو رووداوە تیمێکی دیکەی شارەوانیی ئورمیە رەوانەی شوێنەکە دەبن و بە بیانووی ئەوەی کە ئەو خانووە قەوڵنامە و مۆڵەتی نییە، پێش بە نۆژەنکردنەوەی خانووی ئەو هاووڵاتییە دەگرن.
ئەو تیمەی شارەوانیی ئورمیە بە خاوەن خانووەکەیان راگەیاندووە، پێویستە ١٤ میلیۆن تمەن وەکوو غەرامە بدات خەزانەی گشتی و چەند میلیۆنێکیش بدات بە شارەوانی، هەتا بتوانێت خانووەکەی نۆژەن بکاتەوە و ئەگەر ئەو بڕە پارەیە نەدات ئیزن و مۆڵەتی نۆژەنکردنەوەی پی نادرێت.
کەسیکی نزیکی لەو هاووڵاتییە رایگەیاندووە، ئەو کەسە پاش ٣٠ ساڵ لە باری ماڵییەوە دەرفەتی نۆژەنکردنەوەی خانووەکەی بۆ هەڵکەوتبوو، بەڵام هەنووکە بەهۆی ئاستەنگ و گرفتە سازکراوەکانی سپای پاسداران و شارەوانی، ناتوانێ خانووەکەی ساز بکاتەوە.
هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە زۆربەی کاروباری ناوەند و ئیدارەکانی دیکە دەستێوەردان دەکات و ئەو ئیدارانەش نەک هیچ کاردانەوەیەکیان لەسەر ئەو کردەوانەی سپای پاسداران نییە، بەڵکوو دەبنە تەواوکەری کاروبارەکانی سپای پاسداران و هیچ کەس و لایەنێکیش خۆی بە وەڵامدەر و پەرپرسیار نازانێت.
ا