کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێز و ڕه‌وایی

19:47 - 31 خاکەلێوه 2722

كه‌ریم په‌رویزی

له‌ ڕۆژانی ڕابروودا ئه‌رته‌شی توركیا‌ له‌ درێژه‌ی عه‌مه‌لیاته‌ پێشووه‌كانی بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و دژ به‌ هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان، به‌شێكی دیكه‌ی عه‌مه‌لیاتی به‌ ناوی چنگ- قوفڵ ده‌ست پێ كرده‌وه‌. له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م شه‌ڕه‌ تازه‌یه‌دا، داموده‌زگای ئیتلاعاتی و هه‌روه‌ها هه‌واڵده‌ری و میدیاكانی سه‌ر به‌ ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی كه‌وتنه‌ گه‌ڕ و ده‌یانهه‌وێ له‌و نێوه‌دا به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گڵاوه‌كانی خۆیان دابین بكه‌ن. یه‌كێك له‌و هه‌ڵوێستانه‌ی كه‌ بڵاویان كرده‌وه‌ ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ بوو كه‌ ده‌ڵێن له‌م ئاڵۆزی و شه‌ڕه‌دا، ده‌بێ حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی عێراق گوشار بێنن بۆ هێزه‌ چه‌كداره‌ نایاساییه‌كان و چه‌كیان بكه‌ن؛ چوونكه‌ ئه‌و هێزانه‌ ئه‌منیه‌تی ناوچه‌یان خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و ئه‌منیه‌تی ئێرانیش له‌ ناوچه‌ی ڕۆژاوا و باكووری ڕۆژاوای ئێران به‌ ده‌ستی هێزه‌ چه‌كداره‌ به‌ قه‌ولی ئه‌وان ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌به‌كان كه‌وتۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

له‌ كرده‌وه‌ و كاره‌ سیاسی و نیزامییه‌كان له‌ دونیادا زۆرجار جێگه‌ی تاوانبار و قوربانی ده‌گۆڕدرێ و ئه‌وه‌ی كه‌ تاوانی خوڵقاندوه‌ و ڕووی مێژووی ڕه‌ش كردووه‌، سیمای سته‌ملێكراو ده‌گرێته‌ خۆ و لایه‌نی قوربانیش به‌ تاوانباری دژه‌مرۆیی نیشان ده‌دا! هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا به‌ به‌رچاوی هه‌موو دونیاوه‌ نموونه‌ی ده‌بینین كه‌ ڕووسیا‌ هێرشی كردۆته‌ سه‌ر ئۆكراینا، به‌ڵام له‌ پروپاگه‌نده‌دا ده‌یهه‌وێ وا نیشان بدات كه‌ ڕووسیا قوربانی بوو و بۆ فریاكه‌وتنی خۆی په‌نای بردۆته‌ به‌ر ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌ت!

ده‌سه‌ڵاتدار كاتێك به‌پێی لۆژیكی هێز ده‌جووڵێته‌وه‌ ئیدی پێی وایه‌ له‌ هه‌ر شوێنێ كه‌ مووشه‌كی قورستر وه‌شێندرا یان ئاگری چه‌كه‌كه‌ به‌هێزتر بوو ئه‌وه‌ ئیدی ڕه‌وایی به‌وه‌ و ده‌توانێ چیرۆكی دڵخوازی خۆی له‌ ڕووداوه‌كان بگێڕێته‌وه‌. به‌پێی ئه‌م لۆژیكه‌ چیرۆكی ڕاسته‌قینه‌ و هه‌قیقی لای خاوه‌نی چه‌كه‌ و هێزی چه‌ك نه‌ك ته‌نیا شه‌ڕ ده‌باته‌وه‌ به‌ڵكوو هه‌قیقه‌تیش ده‌سكاری ده‌كا و هه‌قیقه‌تیش ده‌باته‌وه‌!

له‌وه‌ گه‌ڕێین كه‌ هه‌ر به‌پێی ئه‌م لۆژیكه‌ ئیدی خامنه‌یی ده‌بێ ملكه‌چی هه‌قیقه‌ته‌كانی گوتراوی ئامریكا و ئیسراییل بێ چوونكه‌ ئه‌وان هێزیان زۆرتره‌!

تارانی هێرشبه‌ر هاتووه‌ به‌ فه‌رمانی جه‌هاد خاكی كوردستانی داگیر كردووه‌ و سوپای پاسدارانی تیرۆریست كه‌ سوپایه‌كی داگیركه‌ر و كۆلۆنیالیستییه‌، به‌ پۆتین له‌سه‌ر ملی خه‌ڵك حكوومه‌تی سه‌ركوتكه‌رانه‌ ده‌كا، كه‌چی ده‌ڵێن ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌م حوكمه‌ سته‌مكارانه‌ ملكه‌چ نابن، تیرۆریستن و ئه‌وان ئه‌منیه‌تی ئێرانیان خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌!

ڕه‌وایی لای چه‌ك و مووشه‌كه‌كانی كۆماری ئیسلامی نییه‌، تا به‌ دڵخوازی خۆیان هه‌قیقه‌ت بنووسنه‌وه‌ به‌ڵكوو ڕه‌وایی لای هێزی خه‌ڵكه‌.

ئه‌م تارانه‌ی وا له‌ جه‌مارانه‌كه‌یه‌وه‌ بانگی سه‌ره‌ڕۆیی لێ ده‌درێ و ئیدیعای زلهێزی له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كا، به‌ بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئه‌منییه‌ته‌كه‌ی كه‌وتۆته‌ مه‌ترسی، هه‌مان تارانه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك پێش ده‌یگوت هێزه‌ كوردییه‌كان یان به‌قه‌ولی خۆیان ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌به‌كان ئاسه‌واریان نه‌ماوه‌ و له‌نێو چوون و ئه‌وان له‌ كوردستاندا ئه‌منیه‌تی ته‌واویان هه‌یه‌!

ڕاسانی گه‌ل، زیندووبوونه‌وه‌ و وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی هێزی گه‌له‌ كه‌ كرده‌وه‌یه‌كی دژه‌ئه‌منیه‌تی بۆ سه‌ر خه‌ڵك نییه‌ به‌ڵكوو، وشیاریی گه‌له‌ كه‌ خه‌و له‌ چاوی دیكتاتۆره‌كانی تاران ده‌زڕێنێ.