کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەزار سەر مەڕی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیرا

17:54 - 27 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەناوچەی باڵەكایەتیی لەهەرێمی كوردستان دەستیان بەسەر هەزار سەر مەڕی هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیەدا گرتووە.

ماڵپەڕی خەندان بڵاوی كردەوە، هێزەكانی سپای پاسداران لە كوێستانەكانی چیای هەڵگوردی ناوچەی باڵەكایەتی بە قووڵایی زیاتر لەیەك كیلۆمیتر چوونەتە خاكی هەرێمەوە و دەستیان بەتەقە كردن لەسێ‌شوانكارە كردووە.
ئەو هێزانە دوای تەقە كردن هەزار سەر مەڕیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە و هەنووكە ماوەی یەك حەفتەیە هیچ وڵامێكیان بە خاوەن ئاژەڵەكان نەداوەتەوە.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستە روو، رێژیمی ئێران تەنیا لە سنووری باڵەكایەتیی نزیكەی 20 بنكەی سەربازیی هەیە.
ماوەی چەند رۆژ لەمەوبەریش ٣٠٠ مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییەك بەناوی مستەفا جەعفەری خەڵكی گوندی قەڵا رەشی ناوچەی شپیرانی سەر بە شاری سەڵماس لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمەوە دەستی بەسەر دا گیرابوو.
هێزە ئینتزامییەكان هەر لەوێ‌سەری ئەو مەڕانەیان بڕیبوو.