کوردستان میدیا

چوارشەممه 20ی خاکەلێوه 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە سێمینارێک لە پارلەمانی سوئێد بەشداریی کرد

18:07 - 3 رەشەمه 2719

سێمینارێک لەسەر ڕەوشی ڕۆژئاوا لە پارلمانی وڵاتی سوئێد بەڕێوە چوو کە هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو سێمینارەدا بەشدار بوو.

ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی ڕەشەمە، هەیئەتی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد، بە سەرپەرەستیی "حەمید تەیمووری"، بەشداری سێمینارێک بوون کە لەسەر "ڕەوشی ڕۆژاوا" و لەلایەن "ئاندرێس ئۆیستبێری" و "کادیر کاسیرگا" ڕێک خرابوو.

ناوبراوان، ئەندام‌پارلمانی پارلمانی وڵاتی سوئێد و "ئۆیستبێری"، هەروەها ڕێکخەری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەشە.

کۆڕگێڕی ئەو سێمینارە دوکتور "عەباس مەنسووران"، دوکتور و پسپۆڕی چەکی بایۆلۆژی و میکرۆبناسی بوو.

"دوکتور مەنسووران"، باسی ئەوەی کرد کە لە گەرمەی هێرشی تورکیە بۆ سەر شارەکانی سەریکانی و کانی سپی و بۆردومانی قامیشلوو و کۆبانی، لەوێ بووە و بریندارەکانی چارەسەر کردووە.

ناوبراو وتی: "زۆربەی بریندارەکان بە چەکی کۆمەڵکوژ و کیمیایی و فۆسفۆڕ بریندار دەبوون و من لە ڕاپۆرتێکدا و لە ٣٢ خاڵ پیشانم داوە و لە ژێنێڤ و پاریس و بروکسێل باسم کردووە کە سپای تورکیە لە هێرشەکانیدا بۆ سەر خەڵکی ڕۆژاوا، چەکی کیمیایی و فۆسفۆڕیی بەکار بردووە".

"دوکتور مەنسووران"، هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەو ڕاپۆرتەی خستووەتە بەردەم ماسمیدیای جیهانی وەک "بی‌بی‌سی" و کاناڵەکانی تر.

هەر لەو بوارەدا کۆمەڵێک پرسیار و وەڵام هاتە ئاراوە و لەلایەن کۆڕگێڕ و پارلمانتاران وڵام درایەوە.

"ئۆێستبێری"، ئەندامی سوسیال دێموکرات و پارلمانتار وتی: "ئێمە وەک دەوڵەتی سوئێد تێدەکۆشین کە کێشەی کورد لە ڕێگای ئاشتییانەوە چارەسەر بکرێت، نە لە ڕێگای هێرش و شەڕەوە و ئەم کارەش دەبێ بە هاوکاریی هەموو لایەک ئەنجام بدرێت و تەنانەت کوردەکانیش بۆ خۆیان دەبێ چالاک بن لەو بوارانەدا". 

هەر لە میانەی سێمینارەکەدا نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب، لەگەڵ پارلمانتاران و کەسایەتییەکان دیدار و چاوپێکەوتنیان هەبوو.