کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كوردبوون

23:33 - 29 رەشەمه 2721

كه‌ریم په‌رویزی

ڕۆژێكی نوێ و ساڵێكی نوێ به‌ڕێوه‌یه ‌و ژیان وه‌جووڵه‌ كه‌وتۆته‌وه‌ تاكوو خۆی نوێ بكاته‌وه‌. ژیانی كۆمه‌ڵگا پێك دێ له‌ هزری هاوبه‌شی هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و له‌و هزر و هه‌سته‌ هاوبه‌شه‌وه‌ گرێچنی كۆمه‌ڵگا داده‌ڕێژرێ تاكوو خۆیان وه‌كوو یه‌ك ببینن و له‌ لووتكه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی ساڵدا هه‌موو وێكڕا به ‌یه‌ك هه‌سته‌وه‌ بڕواننه‌ ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان و نیشتمانێك له‌ پێش چاویان خۆی ده‌نوێنێ.

مرۆڤبوون ئه‌ركێكی ئێجگار قورسه‌ كه‌ تاكه‌تاكه‌ی چركه‌كانی ژیانی پێویسته‌ تاكوو به‌رده‌وام خۆی بسه‌لمێنێته‌وه‌ و مانایه‌ك به‌ بوونی ببه‌خشێ كه‌ سنوورێ ده‌كێشێ له‌ نێوانی ئه‌و و گیانداری بێمانادا. لێره‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤبوون نه‌ك ته‌نیا به‌ ڕێكه‌وتێكی ئاسایی له‌ نێو میلیاردها ڕێكه‌وتدا نییه‌، به‌ڵكوو ئه‌ركه‌ وه‌كوو به‌جێگه‌یاندن و گه‌شه‌كردن و ئه‌ركێكه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ چركه‌كانی ژیاندا نه‌ك كز نابێ و سووك نابێ به‌ڵكوو تاكوو به‌رزتر ده‌ڕوا‌ ئه‌ركی مرۆڤبوون قورستر و قورستر ده‌بێته‌وه‌ و له‌ لووتكه‌دا كه‌ڵه‌مرۆڤه‌كان ده‌دره‌وشێنه‌وه‌ كه‌ به‌ ڕه‌نگی سووری له‌شیان كه‌ چۆڕاوه‌ی خوێنی پێشكه‌شییان به‌ نیشتمانه‌ ناوی به‌رزی ڕێبه‌رانی شه‌هید وه‌رده‌گرن و سنووره‌كانی نیشتمانێك پێناسه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌م ئه‌ركه‌ قورس و گرانه‌ی مرۆڤبوون له‌ خاڵێكی گۆی زه‌وییه‌وه‌ بۆ خاڵێكی دیكه‌ی ده‌گۆڕێ چوونكه‌ شوێن ته‌نیا جوغرافیایه‌كی بێنێوه‌ڕۆك و وشك و ڕووت نییه‌، به‌ڵكوو ده‌فرێكه‌ بۆ گه‌شه‌كردنی مانا و هێماكان، هه‌ربۆیه‌ پێی ده‌ڵێن نیشتمان. لێره‌وه‌ مرۆڤ ناسنامه‌ وه‌رده‌گرێ و به‌ زمانێك ده‌دوێ كه‌ مرۆڤه‌ هاوناسنامه‌كه‌ی لێی تێده‌گا. تێگه‌یشتن ته‌نیا حاڵیبوون له‌ زمان نییه‌ به‌ڵكوو چه‌شتنی هه‌موو ئازار و خۆشی و ناخۆشییه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگایه‌كه‌ كه‌ له‌ وشه‌كاندا جێگه‌ی گرتووه‌ و به‌ بزه‌یه‌كی زمان وه‌سه‌ما ده‌كه‌وێ و به‌ ڕه‌نجێكی وشه‌، خه‌م دایده‌گرێ؛ بۆیه‌ كوردبوون بریتییه‌ له‌ پێناسه‌ی مرۆڤێكی ئه‌ركدار كه‌ نیشتمانێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ و پێكه‌وه‌ به‌ زمانی ئازار و خولیا و خۆشی و هیوا ده‌دوێن.

ئه‌ركی مرۆڤی كورد له‌ نه‌ورۆزدا به‌ته‌واوی خۆی ده‌نوێنێ و له‌ ژێر ڕووناكایی ئاگری نه‌ورۆزدا هه‌موو تانوپۆی پێناسه‌ و ناسنامه‌ی ده‌كه‌ونه‌ سه‌ما و نیشتمانی پێ ده‌گه‌شێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ نه‌ورۆز هه‌موو ده‌ماره‌كانی له‌شی خولیا و ئاواتی كوردبوون وه‌جووڵه‌ ده‌خا.

مانیفێستی كوردبوون له‌ ژێر مه‌شخه‌ڵانی ئاگری نه‌ورۆز و به‌ سروودی خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی، به‌ ده‌نگێكی مێژوویی و به‌ هاوارێكی به‌رزی سه‌رشاخانه‌وه‌، دوندبه‌دوند و گوندبه‌گوند و كۆڵانبه‌كۆڵانی شار و شاخی كوردستان ده‌گه‌ڕێ. ئه‌م مانیفێسته‌، بانگی به‌رزی سه‌رهه‌ڵدان و ژیانه‌وه‌ و خۆڕاگری و قه‌ت نه‌وه‌ستانه‌. مانیفێستی كوردبوون، سروودی ئه‌ی ڕه‌قیبه‌ به‌ مه‌شخه‌ڵانی نه‌ورۆزه‌وه‌ و به‌ هاوڕیزی و پێكه‌وه‌بوونی مرۆڤه‌ ئه‌ركداره‌كانی كوردستان به‌ره‌و لووتكه‌ هه‌ڵده‌كشێ.

نه‌ورۆزی كوردبوون و ئه‌ركی مرۆڤایه‌تیمان پیرۆز