کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كوردستان بەرەو مانگرتنێكی پڕ واتا هەنگاو دەنێت

17:08 - 19 پووشپەڕ 2716

كوردستان میدیا: سەرەڕای میلیتاریزەكردنی شار و ناوچەكانی كوردستان لە لایەن هێزە بەكرێگیراوەكانی كۆماری ئیسلامییەوە، خەڵكی كوردستان ئامادەبوونی خۆیان بۆ پێشوازیكردن لە مانگرتنی سەرتاسەریی ٢٢ی پووشپەڕ و پشتیوانی لە خەبات و حەماسەخولقاندنی هێزی پێشمەرگە دەردەبرَن.

هەواڵنێرانی كوردستان میدیا لە شار و ناوچەكانی كوردستانی خۆرهەڵاتەوە باس لە ورەی بەرزی خەڵك و شۆڕشگێڕانی شار و گوندەكان بۆ وەڵامدانەوەی گیانبازیی خەباتگێڕانی شاخ و نیشاندانی ئەمەگناسیی خۆیان بەرانبەر بە شەهید دوكتور قاسملوو و شەهیدانی ئەم دواییانەی ڕاسانی حیزبی دێموكرات و بزووتنەوەی كورد دەكەن.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ٢٧ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆركرانی دوكتور قاسملوو بە دەستی دیپلۆماتە جەللادەكانی ڕێژیمی داگیركەری تارانەوە، لە شارەكانی كوردستان چالاكیی تەبلیغی بەڕێوە دەبەن و داوا لە خەڵك دەكەن بە مانگرتنێكی مانادار و سەركەوتوانە لەو ڕۆژەدا، وەِڵامی بانگەوازی كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بدەنەوە.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، بە بڵاوكردنەوەی تراكت و پوستێری تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ و وێنەی شەهیدان و نووسینی دروشمی تایبەت بەو ڕۆژە، یادی دوكتور قاسملوو بەرز دەنرخێنن و تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران مەحكووم دەكەن.

ئەندامانی حیزبی دێموكرات و خەڵكی كوردستان هەروەها لە نووسین و دروشمەكانیاندا بەڵێنیی نوێكردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئامانجەكانی شەهیدانی ڕاسان و دەربڕینی پشتیوانیی شار بۆ دەنگی دلێری شۆڕشگێڕانی شاخەكانی كوردستان دەدەن.

شایانی باسە، كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدكرانی دكتور قاسملوو بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەكانی ڕێژیمی ئێران لە سەر میزی وتووێژ بانگەوازێكی بڵاو كردۆتەوە.

لەو بانگەوازەدا داوا لە خەڵكی كوردستان كراوە لەو ڕۆژەدا بە ڕێكخستنی مانگرتنێكی گشتی، تیرۆریزمی دەوڵەتیی كۆماری داگیركەری ئیسلامیی ئێران مەحكووم بكەن و بە ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی ڕێبەرانی شەهید و شەهیدانی ڕاسانی ئەمدواییانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، هاوپێوەندیی خەباتی ڕەوای شاخ و شاری كوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ هەموان بسەلمێنن.