عەلی مەولان نژاد
ئەمڕۆکە زۆربەی ڕاگەیاندن و میدیا تەبلیغاتییەکان تێدەکۆشن کە وەرزش بەجیا لە سیاسەت و ڕوانگەی سیاسیون (سیاسەتمەدارەکان)نیشان بدەن. سەرەڕای ئەوەیکە لە ماوەی ٥٠ تا ٦٠ ساڵی ڕابردوو، گۆڕەپانی وەرزش بەدوور لە دەستێوەردان و پیلانگێڕی سیاسی نەبووە و تەنانەت سیاسەت کاریگەری لەسەر وەرزش و وەرزشوانانی حیرفەییش هەبووە.
بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە بانگەشەی درووشمی میللی و تەنانەت ورووژاندنی هەستی ناسیۆنالیستی لەنێوان کەڵکوەرگرتنە جۆراوجۆرەکان کە لە وەرزش کراوە لە ڕیزی پاکترین و خاوێنترین شێوەی تەبلیغات بووە. ئەگەرچی شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٨ لە ڕووسیە، دەسپێکێک بوو بۆ تێکەڵاوبوونی وەرزش لەگەڵ سیاسەت، بەڵام "یان" باوکی ژیمناستیکی ئاڵمان، لە وەرزش وەک ئامرازێکی بانگەشەیی بۆ درووشمی ناسیۆنالیستی ئاڵمان کەڵکی وەرگرت و لە درێژەی ڕێگای ئەودا، هیتلێر بۆ چەسپاندنی فکری " سەروەری ڕەگەزی نازی" بەهرەی لێوەرگرت.
کێشەی سیاسی نێوان وڵاتی ئیسڕائیل و وڵاتانی موسوڵمان سەبارەت بە داگیرکردنی وڵاتی فلستین بۆتە کۆسپێکی زۆر گەورە لەنێوان یارییە وەرزشییەکاندا، وەرزشوانانی کۆماری ئیسلامی ئێران و زۆرێک لە وەرزشوانانی وڵاتانی ئیسلامی لەبەرانبەر وەرزشوانانی ئیسڕائیل یاری ناکەن بەمەبەستی دەربڕینی دەنگی ناڕەزایەتی بەرانبەر بەو وڵاتە، تەنانەت هەڵبژاردەی میللی فوتباڵی وڵاتی ئیسڕائیل لە کاسەی نێودەوڵەتی میلەتەکانی قاڕەی ئاسیا ناتوانێ بەشداری بکات و وەک "ئیستسنا" نەقڵیان کردووە بۆ قاڕەی ئورووپا کە لەوێ یاری بکات، لەڕاستیدا ئەوە بڕیارێکی زیاتر سیاسییە نەک وەرزشی، بۆیە زۆرجار دەستێوەردانی کێشە سیاسییەکان سیمای جوانی لە وەرزشدا ناحەز کردووە.
"وینستۆن چێرچیل" سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئینگلستان، گرینگی تایبەتی داوە بە وەرزشی فووتباڵ. ئەو لەوبارەوە دەڵێت: بەرژەوەندی وڵاتان لەوەدایە کە نەتەوەکان لە یاریگاکانی وەرزشی کێبەرکێ بکەن نەک لە گۆڕەپانەکانی شەڕ.
سیاسەت بەردەوام لە فووتباڵدا دەستێوەردان دەکات. بەتایبەتی لە وڵاتانی دواکەوتوو کە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە هەوڵ دەدەن بە پشت بەستن بە سەرکەوتنی وەرزشی ناو و ناوبانگ بۆخۆیان دەستەبەر بکەن؛ لە یاریگاکان بۆ بینینی یاری بەشداری دەکەن یان بە جلی وەرزشی سەردانی ڕاهێنان یا یاری گرووپە وەرزشییەکان دەکەن. دەستێوەردان لە فوتباڵ گەیشتۆتە ئاستی هەرەبەرزی خۆی، لە کاتێکدا کە سیاسەتمەدارەکان حازرن لەپەنا پلەی بەرزی سیاسی پۆستێکی بچووکی وەرزشییان لە فیفادا هەبێ و ئامادەن شەڕی بۆ بکەن. یان لە زۆرێک لە یارییە وەرزشییەکاندا کەسایەتی سیاسی یان دەسەڵاتدارانی دەوڵەت ئامادەی یارییەکان دەبن و وەکوو هاندەرێکی ئاسایی هانی هەڵبژاردەی وڵات یان یانەکەی خۆی دەدات و بەوەش قەناعەتیان نەکردووە و کەسایەتی سیاسی بۆ پێدانی خەڵاتی یەکەمی تیمە وەرزشییەکان ئامادە دەبن.
وەرزش لە دیپلۆماسی گشتیدا وەک کەرەستەیەکی گرینگ و ئاشتیخوازانە بۆ پەرەپێدانی پێوەندی نێودەوڵەتی زۆر لەبەرچاوی دەگرن و جێگای پەسندە. لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێژیمی بەعس دەرکەوت، کە پاش ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ٥٩٨، یارییەکی دۆستانەی فووتباڵ بۆ هێورکردنەوەی پێوەندی دیپلۆماسی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە ئەنجام درا کە پێشەکی لەسەر ئەوە ڕێککەوتنیان کردبوو کە یارییەکە دەبێ بە یەکسانی تەواو بێت. لەوانەیە ئەو شێوە ڕێککەوتنە لە سیاسەتدا مەقبووڵ بێ، بەڵام لە وەرزشدا بە دیاردەیەکی ناحەز و ناجوانمێرانە دەناسرێ.
دەتوانین بڵێین کە سیاسەت لە بنەمای پێکهێنانی ڕووداوی وەرزشی، وەکوو ئۆلەمپیک کاریگەری هەبووە، بەجۆرێک کە چەند ڕۆژ پێش لە دەسپێکی یارییەکان لە ئۆلەمپیکی کۆن (باستان) پێکدادانی(دژ کردەوەی) نیزامی و شەڕ لەنێوان دەوڵەت - شارەکانی یونان ڕادەوەستا تاکوو یارییەکان لە ئاستی ئاشتی تەواو بەڕێوە بچن. هیتلێر لە ساڵی ١٩٣٦دا ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ هەرچی باشتر و جوانتر بەڕێوەبردنی ئۆلەمپیک، ئەو لەو ڕووداوە وەرزشییە کەڵکی وەرگرت بۆ بانگەشەی سیاسەتی حیزبەکەی خۆی. ڕەش پێستەکان لە ئۆلەمپیکی مێکزیک بە (ئیجڕاکردنی) حەڕەکاتی(جووڵەی) تایبەت، دژایەتی خۆیان لەگەڵ سیاسەتی ڕەگەزپەرەستانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا نیشان دا.
لەساڵی ١٩٧١ نیکسۆن سەرکۆماری ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ هێورکردنەوەی پێوەندی دووبارەی سیاسی نێوان دوو وڵاتی ئامریکا و چین سەبارەت بە ناردنی تیمی پینگ پۆنگی وڵاتەکەی بۆ وڵاتی چین ئامادەیی خۆی دەربڕی تا وەرزێکی نوێ بکاتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی پێوەندی نێوان خەڵکی ئامریکا و چین. ئەو کردەوە سیاسییەی دەوڵەتی ئامریکا لەژێر ناوی دیپلۆماسی پینگ پۆنگ یاد دەکەنەوە.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.