کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆس: ئەگەری ڕەزامەندیی ترامپ بۆ هێرشی دووبارەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

10:27 - 17 پووشپەڕ 2725

هاوکات لەگەڵ سەردانی بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ کۆشکی سپی، هەواڵدەریی ئاکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ئەگەری ڕەزامەندیی ئەمریکا بۆ هێرشی دووبارە بۆ سەر ئێران کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆسدا هاتووە کە کێشەی ناوکیی ئێران یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی وتووێژەکانی نێوان نیتانیاهوو و دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکایە.
ئەم هەواڵدەرییە ئەمریکاییە لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە ڕایگەیاندووە کە نێتانیاهوو لەم سەردانەدا لە هەوڵدایە تاکوو سەبارەت بە هەر چەشنە سیناریۆیەک لە داهاتوودا لەگەڵ دۆناڵد ترامپدا بە ڕێککەوتن بگات.
ڕاپۆرتەکە لە زاری ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە هێناویەتی کە ئەگەری هەیە ئەمریکا لە دۆخێکی تایبەتدا وەک هەوڵە بەردەوامەکانی تاران بۆ پیتاندنی ئورانیۆم یان ڕاگواستنی ئورانیۆمی پیتێندراوی بنکە بوردومانکراوەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهان، پشتیوانی لە هێرشی دووبارەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بکات.
ئەم ڕاوێژکارەی نێتانیاهوو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا وەک جێگری دۆناڵد ترامپ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و نوێنەری تایبەتی ترامپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، چاوپێکەوتنی هەبووە.
لە ئیستادا بابەتی گرینگ دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە ئورانیۆمی پیتێندراوی نێو بنکە بوردومانکراوەکانیەتی. تاران لە هەوڵدایە تاکوو بەشێک لە ٤٤٠ کیلۆ ئورانیۆمە ٦٠ لەسەدییەکەی لەژێر وێرانەکانی سێ بنکەی فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهان بهێنیتە دەرەوە.
ئەمریکا و ئیسرائیل بە چڕی جووڵەکانی دەوروبەری ئەم سێ بنکەیە چاوەدێری دەکەن.
بە وتەی بەرپرسانی باڵای واشینگتۆن و تێلاڤیڤ، ئورانیۆمی پیتیندراوی ئێران لە ئێستادا لەژیر وێرانەکانی ئەم سێ بنکەیەدا ماوەتەوە.
تاران ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک لە هەڵوێستەکانی سەبارەت بە پیتاندنی ئورانیۆم لە نێو خاکی ئێراندا پاشەکشێ ناکات.
ئەم بابەتە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێڵی سوورە و ڕایانگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک کۆماری ئیسلامی بۆی نییە کە لەنێو خاکی ئێراندا درێژە بە پیتاندنی ئورانیۆم بدات.