
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە ئێوارەخوانەکەی دۆناڵد ترامپدا لە کۆشکی سپی، سەبارەت بە گۆڕینی حکوومەت لە ئێران ڕایگەیاند کە ئەم بابەتە پێوەندیی بە خەڵکی ئێرانەوە هەیە.
نێتانیاهوو و ترامپ چەند جارێکی دیکە پێش ئێستە ئەم بابەتەیان باس کردووە و جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە کێشەی سەرەکیی ئەوان دۆسییەی ئەتۆمی، بەرنامە مووشەکییەکان و میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێرانە و بابەتی گۆڕینی ڕێژیم لە بژاردەی خەڵکی ئێراندایە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە دەوڵەتی نوێ لە سووریە وتی: "دەرفەتێکی نوێ بۆ پێداچوونەوە هەڵقوڵاوە و هەمووان دەزانن کە دۆخەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە".
ناوبراو لەم پێوەندییەدا جەختی کردووەتەوە کە پێشتر سووریە لە ڕێگەی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی تاران یان حیزبوڵڵای لوبنانەوە بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە ئێستادا ئێران لە گۆڕەپانەکەدا نەماوە و حیزبوڵڵاش بە چۆکدا هاتووە.
نێتانیاهوو سەبارەت بە کێشەی غەززەش وتی: "ئیسرائیل ئامادەیە تاکوو لەگەڵ ئەو فەلەستینییانەی کە خوازیاری لەنێوبردنی ئیسرائیل نین ئاشتی و ڕێککەوتن بکات، بەڵام هێزی کۆنتڕۆڵ و جێگیرکردنی ئەمنییەت لە دەسەڵاتی ئیسرائیلدا دەمێنێتەوە".
بە وتەی نێتانیاهوو، دۆناڵد ترامپ دەیهەوێت بە دانیشتووانی غەززە بژاردەی ماننەوە یان ڕۆیشتن لەم ناوچەیە بدات.
سەرۆککۆماری ئەمریکا پێشتر باسی لە گەڵاڵەیک کردبوو کە ئەمریکا کۆنتڕۆڵی غەززە بگرێتە دەست و دانیشتووانەکەی بەرەو میسر و ئۆردۆن کۆچیان پێ بکرێت.
وڵاتانی عەرەبی پێشتر بە توندی کاردانەوەیان بەم گەڵاڵەیە نیشان دابوو.