کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاسدار نەقدی: تاوانی قەتڵە زنجیرەییەکان لە ئەستۆی سەڵتەنەتخوازەکانە

14:42 - 26 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: سەرۆکی ڕێکخراوی بسیج مستضعفین ئۆباڵی تاوانی قەتڵە زنجیرەییەکانی خستە ئەستۆی سەڵتەنەتخوازەکان کە بە وتەی ناوبراو بە دنە و بڕیاری ئامریکا ئەنجام دراوە.

ڕۆژنامەی شرق لە ژمارە ٢٤٩٦ی خۆیدا بڵاوی کردەوە، پاسدار موحەممەد ڕەزا نەقدی سەرۆکی دەزگای بسیج مستضعفین، سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە لێدوانێکدا بە بۆنەی ڕۆژی بەسیجی ڕاگەیاندن وتوویەتی: بۆ خەوشدار کردن و قێزەون پیشاندانی ڕواڵەتی کۆماری ئیسلامی، دەزگا سیخوڕییەکانی ئامریکا وەخۆکەوتن و لە ڕێگەی سەڵتەنەتخوازەکانەوە خۆیان خزاندە نێو دام و دەزگا حکومەتییەکان و قەتڵە زنجیرەییەکانیان ئەنجام دا.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: تیزاب پژاندن بە سەر و چاوی ژنان، هێرش کردن بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان و کوشتنی خەڵکی جیابیر لە ئێرانیش لە لایەن ئامریکاوە بەرنامەڕێژی بۆ کراوە تاکوو بەم شێوەیە ڕواڵەتی حیزبوڵاییەکانی پێ ناحەز بکەن.

ئەم بەرپرسەی دەزگای داپڵۆسێنەری بەسیج لە درێژەی قسە پێک ناکۆکەکانیدا دەڵێ: ئامریکا بڕی ٢ میلیارد و ٣٠٨ میلیۆن دۆلاری بۆ دەستێوەردان لە کاروباری ئێران تەرخان کردووە کە هەندێک لە ڕاگەیەنەکانی ئێمەش لە ژێر چەتری ئەو سیاسەتەی ئامریکا هەوڵ دەدەن وێنایەکی جوان لەم وڵاتە پیشان بدەن.

ئەم قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە بۆ نمونە قەتڵە زنجیرەییەکان، وەک دەوڵەتی ئەو کات پشت ڕاستی کردەوە، لە لایەن خودی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئەنجام درا و بە هۆیەوە وەزیری ئەو کاتی ئیتلاعات واتە دۆڕی نەجەف ئابادی لە سەر کارەکەی لابرا.