کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرانشار تووشی قەیرانی بەفر و سەرما بووە

20:16 - 13 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: بارینی بەفر و سەرما بەرۆکی شاری پیرانشاری گرتووەتەوە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش هیچ هەوڵێک بۆچارەسەریی ئەو کێشەیە نادەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوای بارینی بەفر لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، هاووڵاتییانی شاری پیرانشار لە بێ‏ئیمکاناتی‌ دەناڵێن و بەرپرسانی ڕێژیمیش ئاوڕێک بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە نادەنەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە،بە هۆی بەفربارین ١٢ دارتێلی کارەبای شار و گوندەکانی پیرانشار، بە هۆی شکانی چەند دەکەڵی کارەبا بە تەواوەتی پچڕاوە و سەرەڕای نەبوونی کارەبا، ئاوی ئەو شارەش پچڕاوە و تەنیا لەسەدا ٢٠ی ئەو شارە شەوی شەممە کارەبای هەبووە و باقی شار بێ‌کارەبا بوونە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانبار، کاتژمێر ٥ی ئێوارە، کارەبای ئەو شارە هاتووەتەوە و کاتژمێر ٨ی شەویش ئاو هاتووەتەوە، کە ئەوەش لە کاتێکدایە کە بۆ ئەو بڕە کارەبایەش لە هێڵی کارەبای شاری نەغەدەیان کەڵک وەرگرتووە.

بەهۆی ئەویکە ڕێگا و بانەکانی ناو شار و دەرەوەی شاری پیرانشار خاوێن نەکراونەتەوە، سەرجەم قوتابخانەکانی نێو شار و گوندەکان لە ڕۆژی شەممەدا داخراون و ئەوەش لە کاتێک‌دابووە کە قوتابییان ئەو ڕۆژە تاقیکاریی نۆبەتی ئەوەڵیان هەبووە و هەندێک لە قوتابخانەکانیش تاقیکاریی کۆتایی شارستانی، ئوستانی و کیشوەرییان هەبووە.

لە درێژەی ئەو قەیرانەدا، بە هۆی بێ‌ئاوییەوە دانیشتوانی ئەو شارە تووشی کێشەی جیددی بوونە و بەپێی ئەو هەواڵە، خەڵک بۆ تێپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەیان بەفریان تواندۆتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە تەنیا ٤٥ سانتیمتر بەفر لەو شارە باریوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە ٢میتر بەفر لەو شارە باریوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، نانەواییەکانی شاری پیرانشار بە پارەی خۆیان مۆتۆری کارەبایان کڕیوە و ڕێژیم تەنانەت پارەی کڕێنی ئەو مۆتۆری کارەبایانەشی نەداوە و ئەوەش لەکاتێکدایە کە فەرمانداریی ئەو شارە ڕایگەیاندبوو کە ئێمە ٤٠ مۆتۆری کارەبامان داوەتە نانەواخانەکانی ئەو شارە تا هاووڵاتییان بێ نان نەبن.

لە درێژەی ئەم هەواڵەدا دەتوانین ئاماژە بە دۆخی زۆر نالەباری جادەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەین. بەپێی هەواڵەکان، دوێنێ شەممە ١٢ی بەفرانبار، ماشێنێکی زۆر لە پۆستی دوئاوان‌دا مابوونەوە و کۆڵانەکانی ئەو شارە هەتا ئێستاش خاوێن نەکراونەتەوە و قوتابخانەکانی ئەو شارە ئەمڕۆ یەکشەممەش هەر داخراون و ئەوەش لە کاتێک‌دایە کە زۆربەی قوتابییان تاقیکاریی کۆتاییان هەیە.