کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەروەندەی ئامیا دیسان دەخرێتەوە گەڕ

15:47 - 29 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: باس و لێکۆڵێنەوەکان سەبارەت بە پەروەندەی ئامیا لە وڵاتی ئارژانتین دیسان دەخرێتەوە گەڕ.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بڵاو کراوەتەوە، دوای یەک ساڵ لە مەرگی ئالبێرتۆ نیسمان سەردۆزگەری پەرەوەندەی ئامیا مائۆ ڕیسیۆ ماکری، سەرکۆماری ئارژانتین، بڕیاری داوە کە بەدواداچوونی ئەو پەروەندەیە دەکاتەوە.

ئالبێرتۆ نیسمان، بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە ماڵەکەی خۆیدا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

نیسمان، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە بانیی تەقینەوەی ئامیا، ناوەندی جوولەکەکانی ئارژانتین، بووە.

ئالبێرتۆ نیسمان، دادوەری دۆسیەی ئامیا کە بەرپرسیی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە کردەوەی تیرۆریستیی ناوەندی جوولەکەکانی ئارژانتینی لە ئەستۆ بوو، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە پشتیوانیی ماڵی لە تەقینەوەی ناوەندی جوولەکەکانی ئارژانتین تاوانبار کردبوو و خوازیاری گرتن و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامی وەک موحسێن ڕەزایی، عەلی ئەکبەرهاشمیی ڕەفسەنجانی، عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی و سەردار ئەحمەد وەحیدی لە لایەن پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتێرپۆل) ببوو.

دادوەرەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە کردەوەی تیرۆریستیی ئامیادا، سەرکۆماری ئارژانتین کریستیان فێرناندێزی بەوە تاوانبار کردبوو کە لە سەردەمی سەرکۆماریی مەحموود ئەحمەدی نژاددا، دەستی لە شاردنەوەی ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە کردەوەی تیرۆریستیی ئامیادا هەبووە، بەڵام فێرناندێز ڕایگەیاندووە کە ئەوە پیلانێکی گەورەیە کە دژی ئەو و دەوڵەتەکەی داڕێژراوە.

پاش ١٣ ساڵ لەم ڕووداوە تیرۆریستییەی ئامیا، دادوەری گشتیی ئارژانتین، خوازیاری حوکمی دەستبەسەرکردنی ٩ کەس، لەوانە عەلی‌ئەکبەری هاشمیی ڕەفسنجانی و عەلی‌ئەکبەری ویلایەتی لە لایەن پۆلیسی نێونەتەوەیی بووە و ئینتێرپۆلیش بۆ ٦ کەس لەم کەسانەی وەک عەلی فەلاحیان (وەزیری ئیتلاعاتی کاتی ڕێژیمی ئیسلامی)، موحسێن ڕەزایی (فەرماندەی کاتی گشتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی)، ئەحمەدڕەزا ئەسغەری (سەرۆکی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئارژانتین)، ئەحمەد وەحیدی (فەرماندەی پێشووی هێزی تایبەتی قودسی سپای پاسداران)، موحسێن ڕەبانی (ڕاوێژکاری فەرهەنگیی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ئارژانتین) و عیماد مەغنییە (بەرپرسی کاتی ستادی ئۆپراسیۆنی تایبەتی حیزبوڵـڵای لوبنان)حوکمی دەستبەسەرکردنی دەرکرد.