کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دووتوێی پەیامێکدا پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی گەیاندە بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی تازەهەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستانی عێراق.
دەقی پەیامەکەیان بەم چەشنەیە:
زۆر بەڕێز/ جەنابی کاک مەسروور بارزانی
سڵاوێکی دۆستانە،
لە لایەن خۆم و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پیرۆزبایی گەرمتان پێشکەش دەکەم، بە بۆنەی هەڵبژاردنتان لە پارلمانی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆک وەزیرانی ئەو هەرێمە.
بێگومان لەم قۆناغەدا کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆر کێشە و کەموکووڕیی ناوخۆیی و دەرەکی بەرەوڕوویە و چاوەڕوانیی خەڵکیش لە کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی بەڕێزتان لە ئاستێکی بەرزدایە، بەرپرسیاریەتییەکی زۆر گەورەتان کەوتووەتە سەرشان.
هیوادارین بە هەستکردن بەو بەرپرسایەتییە و لە هەمان کاتدا، کەڵک وەرگرتنی بەجێ لە هەموو دەرفەتەکان، بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بن و هەرێمی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی، ئاشتی و ئاوەدانی ڕاکێشن.
لەگەڵ ڕێزی دووبارە
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری
٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی
١٢ی ژووئەنی ٢٠١٩ی زایینی