کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەكاریی ڕێژیم سەبارەت بە پێوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی

16:02 - 15 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: پاش سووتاندنی باڵوێزخانەی عەرەبستان و هەڵوێستە توندئاژۆكانی كۆماری ئیسلامی، چەواشەكارییەكانی تاران سەبارەت بە پێوەندییەكانی ئێران و وڵاتانی عەرەبی دەستی پێكرد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی، پاش تێكچوونی پێوەندییەكانی ئێران و عەرەبستان لە ئاخاوتنێكی سەرسوڕهێنەردا ڕایگەیاندووە كە پێوەندییەكانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچە بێ‌ وێنە و لەوپەڕی باشیدایە.

سادق حسەین جابری ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی، لە دانیشتنێكدا لەگەڵ ڕاگەیەنەكانی حكومەتدا، وێڕای هێرش كردنە سەر سیاسەتەكانی عەرەبستان لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەكی و تۆمەتباركردنی بە دەستێوەردان لە كاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچە، لێدوانێكی سەرسوڕهێنەری دا و گوتی: پێوەندییەكانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی ناوچە لەوپەڕی باشیدایە.

جابری وێڕای ئەوەیكە عەرەبستانی سعودیی بە ئازادی‏كوژ تۆمەتبار كرد گوتی: عەرەبستان بەتەمایە لە ڕووداوی ئاگرتێبەردانی باڵوێزخانەكەی كەڵكی نابەجێ‌ وەربگرێ‌.

لێدوانەكانی ناوبراو لەپێوەندی لەگەڵ بێ‏وێنە بوونی پێوەندییەكانی ئێران و وڵاتانی عەرەبی لەكاتێكدایە كە جگە لە عەرەبستان، وڵاتانی بەحرەین و سودان و ئیمارات و جیبۆتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بەهۆی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامییەوە، پێوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ تاران پچڕاندووە، یان بۆ كەمترین ئاستی خۆی دایانبەزاندووە.

ئەم هەواڵە لەكاتێكدا بڵاو بووەتەوە كە هەواڵدەریی مێهر لە ڕاپۆرتێكدا وێڕای باس كردن لە كێشەی ئاماژەبۆكراو، هۆشداری داوەتە ئەم وڵاتانە و دەڵێ‌ ئەو وڵاتانە نابێ‌ دۆسییەی میكۆنووس لەبیر بكەن.

ماوەیەك پێش ئێستاش، هاوپەیمانییەكی ئیسلامی بە بەشداریی زیاتر لە ٣٠ وڵات بۆ دژایەتیی تیرۆریزم لە عەرەبستان دامەزرا، كە تێیدا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئێران بە پاڵپشتی تیرۆریزم ناسێندرا.