کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە دانمارک بەنیسبەت کۆچی دوایی کاک "زاهید بەدری"

12:04 - 27 جۆزەردان 2721

كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە دانمارک بەنیسبەت کۆچی دوایی کاک "زاهیر بەدری" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک بە ھەڵكەوتی كۆچی دوایی فەرماندە "زاھیر بەدری"

خەڵكی بە شەرەفی كوردستان!

بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان! ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران!

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە ڕادەگەیەنین كە سەر لەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ١٦ی ژوئەن، فەرماندەی بە ناوبانگی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و كادری لێوەشاوەیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، "زاھیر بەدری" ناسراو بە "پڵنگی كوێستان" پاش ماوەیەكی زۆر بەربەرەكانێ لەگەڵ نەخۆشی، بەداخەوە كۆچی دوایی كرد.

"زاھیر بەدریی مەمكانلوو میلان" لە ساڵی ١٩٥٣ میلادی لە بنەماڵەیەكی ناسراوی ناوچەی "كۆتۆل" سەر بە شاری "خۆی" و لە گۆندی "حەبەشی ژوورین" لەدایک بووە. ناوبراو تا پۆلی پێنجی سەرەتایی ھەر لەو گۆندە درێژەی بە خوێندن داوە و دواتر بەھۆی نەبوونی قوتابخانە وازی لە خوێندن ھێناوە.

بنەماڵەی كاک "زاھیر" یەكێک لە بنەماڵەكانی بەشدار لە سەرهەڵدانی "ئاگری" بوون كە ھەر بەو ھۆیەوە ئاشناییەکی تەواویان لەگەڵ دۆزی ڕەوای كورد ھەبوو.

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران كاک "زاھیر" بە خۆی و بنەماڵەكەی تێكەڵ بە ڕێزەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بوون و لە ڕیزەكانی ئەو حیزبەدا وەک پێشمەرگە دەستیان بە خەبات لە ھەمبەر ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد.

"زاھیر بەدری" لە ماوەیەكی زۆر كەمدا توانی سەرنجی بەرپرسانی حیزب و بە تایبەتی كاک دوكتور "قاسملوو" بۆ لای خۆی ڕابكشێ و پاش ماوەیەكی زۆر كەم وەک فەرماندەی ھەرێمی ئاگری دیاری كرا !

كاک "زاھیر بەدری" لەو ماوەیەدا بە سەدان چیرۆکی مێرخاسی و قارەمانەتی تۆمار بكات و ھەر بەھۆی ئەو ئازایەتییە لەلایەن میدیاكانی ڕێژیم لەو سەردەمەدا بە "پڵنگی كوێستان" ناودێر كرابوو كە ھیچ ھێزێكی ڕێژیمی ئێران توانای بەربەرەكانێ لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی نییە .

كاک "زاھیر" ھەروەھا لە جەرەیانی خەبات و پێشمەرگایەتیدا برایەكی بە ناوی "بەشیر بەدری" تێكەڵ بە شەھیدانی كوردستان دەبێ و ئەو و برایەكی بە ناوی "موراد بەدری" درێژە بە خەبات دژی ڕێژیمی ئێران دەدەن.

بەداخەوە پاش ڕووداوەكانی ئەو سەردەمە كاک "زاھیر و  موراد"ی برای لە توركیە دەكەونە دەستی ھێزەكانی تورک و چەندین ساڵ لە زیندانی ئەو وڵاتەدا زیندانی دەكرێن و دواتر بە ھەوڵی ڕێكخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دەستی توركیە ڕزگار دەكرێن و بۆ وڵاتی "دانمارک" ڕادەگۆێزرێن.

كاک "زاھیر" لە وڵاتی دانمارک بۆ یەک چركە دەستی لە خەبات بەرنەدا و ھەر دەم لە كۆڕ و كۆبوونەوەكانی حیزبی و نەتەوەییدا بەشدار بوو و چەندین بەرپرسایەتی جۆراجۆری لە كۆمیتەی "دانماركـ"ـدا ھەبوو .

بە داخەوە لەو ساڵانەی دواییدا كاک ''زاھیر'' نەخۆش بوو و پاش ماوەیەكی درێژ سەر لە بەیانی ئەمڕۆ بۆ یەكجاری كۆڕی ھاورێیانی بەجێھێشت و كۆچی دوایی كرد.

كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە دانمارک سەرەخۆشیی گەرمی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی كاک زاھیر، ھاورێ و ھاوسەنگەرانی و ھەموو خەڵكی كوردستان دەكا و خۆی بە خاوەن و بەشداری ئەو خەمە گەورەیە دەزانێت.

ڕۆحی كاک زاھیر شاد