کوردستان میدیا

شەممه 3ی خەزەڵوەر 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕه‌وه‌زه‌كانی شۆڕش

17:32 - 31 گەلاوێژ 2720

كه‌ریم په‌رویزی

كاتێك له‌ خه‌بات و شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یه‌كدا باس له‌ هێزی مرۆیی و گیانله‌سه‌رده‌ستی ئه‌و شۆڕشه‌ ده‌كرێ، به‌دروستی وه‌كوو پێشه‌نگی خه‌بات و گیانبازانی ڕیزی هه‌ره‌پێشه‌وه‌ی شۆڕش جێگای ڕێزی تایبه‌تین له‌ نێو نه‌ته‌وه‌كه‌دا و له‌ نێو كوردیشدا كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌م پێشه‌نگن و هه‌م وه‌پێش مه‌رگی خۆیان كه‌وتوون، به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ناسرێن و پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕۆڵه‌ هه‌ره‌ فیداكار و خاوه‌ن باوه‌ڕه‌كانی نیشتمان پێك دێن كه‌ له‌ پێناوی بونیاتنانه‌وه‌ی نیشتماندا گیانیان ده‌كه‌نه‌ هه‌وێنی هه‌ڵچنینه‌وه‌ی دیواری خانووه‌كانی نیشتمان.

به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا كه‌ باس له‌ پێشمه‌رگه‌ و سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێ، زۆرجار به‌جوانی سرنجی ئه‌و ڕه‌وه‌زانه‌ نادرێ كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌پشتیان سه‌نگه‌ری گرتووه‌ و له‌وێوه‌ و به‌ پشتبه‌ستن و دڵنیایی له‌ قورس و قایمیی ئه‌و ڕه‌وه‌زانه‌یه‌ كه‌ سیڕه‌ له‌ دوژمن ده‌گرێ و ئه‌رخایه‌نه‌ كه‌ ده‌توانێ درێژه‌ به‌ خه‌بات و گیانفیداییه‌كه‌ی بكا.

له‌ نێو نه‌ته‌وه‌ی كورددا زۆرن ئه‌و كه‌س و گرووپانه‌ی كه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ ڕۆڵی ڕه‌وه‌زه‌كانی سه‌نگه‌ر ده‌گێڕن و به‌ بوونی ئه‌وانه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌نگه‌ركانی قایم ڕاده‌گرێ.

زۆرجار باس له‌ ژن و ڕۆڵی ژن له‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یه‌كدا ده‌كرێ و له‌ حیزبی دێموكراتیشدا به‌حه‌ق باس له‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌م بناخه‌كانی دامه‌زرانی حیزبی دێموكراته‌وه‌ و له‌ سه‌رده‌می كۆماردا هه‌وڵ ده‌درێ كه‌ ژنان به‌شداری شۆڕش بكرێن و به‌ درێژایی سێ چاره‌كه‌ سه‌ده‌ خه‌بات و قوربانیدان و هه‌وڵ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی بیر و ڕێگای خه‌بات له‌ نێو چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی كوردستاندا، ژنانیش به‌ره‌به‌ره‌ به‌شدارییان زیاتر و زیاتر ده‌بێ و له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی شۆڕشه‌وه‌ زۆرتر و زیاتر ده‌رده‌كه‌ون و ڕۆڵ ده‌گێڕن.

به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌موو ڕۆڵی ژنان له‌ شۆڕشدا نه‌بووه‌ و زۆر لایه‌نی دیكه‌ی هه‌ن كه‌ كه‌م جار باس كراون و مافی ڕاسته‌قینه‌ی ژنان له‌ شۆڕشدا به‌ته‌واوی پێ نه‌دراوه‌. به‌شێوه‌ی گشتی بنه‌ماڵه‌كانی پێشمه‌رگه‌كان، چ ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كان و له‌ مه‌قه‌ڕ و بنكه‌ و كه‌مپه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و باوك و دایكی پێشمه‌رگه‌یان ده‌ژین و چ ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی كه‌ له‌ نێوخۆی كوردستان و له‌ نێو كۆمه‌ڵگادا ده‌ژین و ڕۆڵه‌ پێشمه‌رگه‌كانیان له‌ ڕیزی شۆڕشدان، ده‌ور و جێگه‌ و پێگه‌یه‌كی تایبه‌تیان له‌ خه‌باتی كورددا هه‌بووه‌ كه‌ زۆر به‌ كه‌می باسیان لێوه‌ كراوه‌.

ژنان و بنه‌ماڵه‌كانی پێشمه‌رگه‌كان، چ ئه‌وانه‌یان كه‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ و له‌ ژێرمیچی ماڵه‌ پێشمه‌رگانه‌كاندا له‌گه‌ڵیان ده‌ژین و چ ئه‌وانه‌ی له‌ نێو كۆمه‌ڵگان و ئازیزانیان لێیان دوورن، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و گشتگیر، ڕۆڵی ڕه‌وه‌زه‌كانی سه‌نگه‌ریان گێڕاوه‌ كه‌ پشتوپه‌نا و قه‌ڵغانی به‌رگری له‌ فیشه‌ك و تیری ژه‌هرینی دوژمن و هه‌م سێبه‌ر و حه‌شارگه‌ بۆ حه‌سانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بوون.

ئه‌م‌ ڕه‌وه‌زه‌ گرنگ و پڕبایه‌خانه‌ی شۆڕش جێگای ڕێز و یادكردنه‌وه‌ی تایبه‌تن و ده‌بێ له‌ یادكردنه‌وه‌ی ساڵیادی ده‌سپێكی شۆڕشی مۆدێڕن و نوێی كوردستاندا، له‌ ٧٥ ساڵه‌ی دامه‌زرانی قوتابخانه‌ی گه‌لاوێژدا پیرۆزبایی له‌‌وانیش بكه‌ین و پێیان بڵێینه‌وه‌ كه‌ ڕۆڵ و پێگه‌ی تایبه‌تی ئێوه‌مان له‌به‌ر چاوه‌ و بێ ئێوه‌ سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌ ئاوه‌دان نابێ؛ ساڵیادی ئه‌م شۆڕشه‌ مه‌زنه‌ له‌ ئێوه‌ش پیرۆز بێ.