ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەشی پەروەردەی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی "دانمارک" بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی "خوێندکاری کورد"، وێبینارێکی لەژێر ناوی" پەیوەندی و کارتێکەریی بزووتنەوەی ڕەوشنبیری و جۆڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان" بۆ "جەماڵ فەتحی" سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا.
سەرەتای وێبینارەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان بەتایبەت شەهیدانی شۆڕشی ٤٧-٤٦ دەستی پێ کرد.
پاشان "سەربەست ئورمیە" بەرپرسی بەشی پەروەردەی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی "دانمارک" وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووان لەو وێبینارە و هەروەها بەرزنرخاندنی ئەو ڕۆژە، وێبینارەکەی دەست پێکرد و داوای لە "جەماڵ فەتحی" کرد کە باسەکەیان پێشکەش بکەن.
"جەماڵ فەتحی" بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی ئەو ڕۆژە و شۆڕشەکانی گەلی کورد و چەمکی "ڕەوشنبیری" لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێ کرد.
ناوبراو بە وردی باسی لە شۆڕش و خەباتی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات کرد کە هەر لە سەرەتاوە تاوەکوو ئەمڕۆ بە چەندین قۆناغی جیاوازەوە شۆڕشگێڕانی گەلی کورد بەتایبەت شەهیدانی شۆڕشی ٤٦ -٤٧ بەڕێوەیان بردووە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی دا بە ڕێکخراوی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەتایبەتی و خوێندکارانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە گشتی کە لەگەڵ چ کێشەگەلێک بەرەوڕوون.
لەنێوئاخنی بەرنامەکە سروودی خوێندکاری کورد پێشکەش کرا.
وێبینارەکە بە تێبینی و پرسیاری بەشداربووان و هەروەها وڵامدانەوەی "جەماڵ فەتحی" کۆتایی پێ هات.