کوردستان میدیا

دووشەممه 28ی رێبەندان 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان لە نۆروێژ بەرز ڕاگیرا

11:26 - 2 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: لە ڕێوڕەسمێکدا، ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان لە نۆروێژ بەرز ڕاگیڕا و هاوکات لەم ڕێوڕەسمەدا ڕێز لە کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات گیرا.

ڕۆژی شەممە، ٣٠ی سەرماوەز، کۆمیتە ناوچەی ''ئۆستفۆڵد'' بە هاوکاریی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد و هاوکات ڕێز لە کەمئەندامانی حیزب لەو وڵاتەدا گیرا.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە، "ئەنوەر پوویا" و "گوڵزار ڕەجەبی"، بە ناوی دەستەی بەڕێوەبەرییەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووانیان کرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتی لەلایەن "شۆڕش قادرزادە" و پەیامی یەکیەتیی لاوان لەلایەن "هەژار ڕۆستەمیـ"ـیەوە خوێندرانەوە.

دواتر خاتوو "شەیدا عەبدوڵڵاپوور" پەیامی کۆمیتەی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێشکەش کرد.

لە درێژەی بەرنامەکاندا، "محەممەد ئەسکەندەر"، پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکانی خوێندەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی پارتی ئازادیی کوردستان- باکوور لەلایەن "قادر بوداغیـ"ـیەوە پێشکەش کرا.

 بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکان پێشکەشکردنی برووسکە و چەپکە گوڵی پێرۆزبایی لەلایەن حیزب، ڕێکخراو، سازمان و کەسایەتییەکانی بەشدار لە ڕێوڕەسمەکەدا بوو کە بریتی بوون لە: ''لێژنەی پارتی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ''، ''کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران''، ''سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران''، ''ڕێکخراوی خەبات''، ''پارتی ئازادیی کوردستان کۆمیتەی ڕێکخستنی نۆروێژ''، ''لێژنەی ڕێکخراوی ئۆستفۆڵدی پارتی دێموکراتی کوردستان'' و کەسایەتیی دیاری ناوچەی ئوستفۆڵد، "سالار شوانی".

 لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا لەوحی ڕێزلێنان پێشکەش بە کەمئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات کرا.

لەو بەشەدا سەرەتا "هیوا ئەحمەدی" ئەندامی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی گشتی لە نۆروێژ چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و دواتر "عەباس نامی"، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، سەبارەت بە کەمئەندامان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

لەوحی ڕێزلینان بۆ کەمئەندامان لەلایەن "ئەحمەد عەزیزی"، "سیما سەحەری"، "نادر قودرەتی"، "قادرعەزیزبەیگی" و "جەمیل ئەحمەدیـ"ـیەوە پێشکەش بە تێکۆشەرانی خۆڕاگر و جەستەبەخشانی ڕێگای ئازادی کرا.

پاشان پەخشانێک لەلایەن "سلێمان ئەحمەدنژاد" و شێعرێک لەلایەن "حەسەن ئاهەنگەریـ"ـیەوە پێشکەش کرا.

لە بەشی هونەریدا، هونەرمەند "مستەفا دادار"، بە چەند سروودێکی حەماسی کەش و هەوایەکی تایبەتی بە جێژنەکە بەخشی.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێ کۆتایی پێهات و لەم بەشەدا هونەرمەندان "نجمان سندی" و "شێرکۆ مەریوانی" بە هاوکاریی بەشی موزیک، ئەو بڕگەی بەرنامەکانیان ڕازاندەوە.