کوردستان میدیا

یەکشەممە 3ی رێبەندان 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی یاد و پرسەی شەهید "حەیدەر قوربانی" لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو

11:51 - 5 بەفرانبار 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی بەفرانبار، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، سەبارەت بە جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی "حەیدەر قوربانی" زیندانیی سیاسیی کورد و شەهیدکرانی بە دەستی ڕێژیمی دژە کوردی ئێران، ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشیی لە شاری "برێمنـ"ـی ئاڵمان بەڕێوە برد.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا "مەسعوود تەک" سەرۆکی پارتی سوسیالیستی کوردستان لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پرسە و هاوخەمیی خۆی بە بنەماڵەی تێکۆشەری شەهید "حەیدەر"،  گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاوڕێ و هاوسەنەگەرانی ڕاگەیاند و هەروەها لەسێدارەدانی شەهید "حەیدەر قوربانی" لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوەی مەحکووم کرد.

 پاشان "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی ڕێکخستنی هەرێمی ئورووپا، بە ناوی ڕێکخستنی گشتیی دەرەوەی وڵات وتارێکی پێشکەش کرد.

لە درێژەدا "ڕەشید ڕەحمانی" بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان پەیامێکی پێشکەش کرد و  پەیامی پرسە و سەرەخۆشیی کۆمیتەی بە بنەماڵەی شەهید "حەیدەر" و گەلی کورد و حیزبی دێموکرات ڕاگەیاند.

پاشان"عەبدولکەریم" نوێنەری پارتی دێموکراتی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد.

لە درێژەدا "لەلعا کەیخوسرەوەی" شێعری" پارێزەرانی ئاو و خاک" لە نووسینی شاعیر "فەرەیدوون ئەرشەدیـ"ـی خوێندەوە و دواتر پەیامی پارتی سوسیالیستی کوردستان لەلایەن مامۆستا "مستەفا" پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ لەسێدارەدانی شەهید "حەیدەر قوربانی" لەلایەن "نەرمین عوسمانی" خوێندرایەوە.

 دواتر هەڵبەستی "فەڕشی سوور" بەرهەمی "تیشک تیڤی" بۆ بەشداربووان نمایش کرا و بیرەوەریی زیندانییەکی خۆڕاگری کوردستان لەگەڵ شەهید "حەیدەر قوربانی" لەلایەن "ئێقباڵ شادی" بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی "شتووتگارت" خوێندرایەوە.

 هەروەها پەیامی کۆمکار و ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی "برێمنـ"ـیش لەلایەن "ڕەسووڵ و ڕێکان عەبدی" پێشکەش کران، دواتر پەیامی کۆمەڵەی کوردی "برێمن ماک" لەلایەن "دارا تیرێژ" خوێندرایەوە.

سەبارەت بە شەهیدکرانی "حەیدەر قوربانی" چەندین حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستان لەوانە: "پارتی دێموکراتی کوردستان ـ باکوور، ڕێکخستنی تەڤگەری ئازادیی کوردی سووریە لە ئورووپا، شپێلا پێشەرۆژا کوردستانا سووریا و ڕێکخستنی ئورووپا" پەیامی پرسە و سەرەخۆشییان بۆ ئەو ڕێوڕەسمە ناردبوو.