کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بێلژیک بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات ڕێوڕەسمێکی بەڕێوه برد.
ڕۆژی شەممە، ١٦ی سەرماوەز، ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات، لە وڵاتی بێلژیک بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە و کۆمیتەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.
سەرەتای بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەتی شەهیدانی ئەم دواییانەی خۆپیشاندانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکرد.
پاشان "بەها ئیبراهیمی" بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بێلژیک باسێکی سەبارەت بە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز پێشکەش کرد.
پەیامی کۆمیتەی یەکیەتیی لاوان لە لایەن "کامیل ئازەریوون"ـەوە پێشکەش کرا.
لە دوایین بڕگەی ڕێوڕەسمەکەدا لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و کۆمیتەی یەکیەتی لاوانەوە لەوحی ڕێزلێنان پێشکەشی ئەو کەمئەندامانە کرا کە لە وڵاتی بێلژیک نیشتەجێن.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا "دارا ناتق" و "کاوە ئاهەنگەری" باسیان لە گرینگیی دیاریکردنی ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز کرد.
هەروەها لە لایەن کۆمیتەی یەکیەتیی لاوانەوە، لەوحێکی ڕێزلێنانی تایبەت پێشکەش بە "ڕەحیم ڕەسایی" کە وەک یەکێک لەو زیندانییە سیاسیانە کە نەک لە سەنگەر بەڵکوو لەژێر کاریگەریی ئەشکەنجەی ڕێژیم لە زیندانەکاندا تووشی کەمئەندامی بوونە، کرا.