کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ١٥٠ سەرباز و فەرماندەی کورد کە شەڕی پێشمەرگەیان نەکردووە دادگایی دەکات

23:01 - 20 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: لە شەڕی نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هێزە داگیرکەرەکانی سپای پاسداران، ئەو سەرباز و فەرماندە کوردانەی کە شەڕی پێشمەرگەیان نەکردووە، دەستبەسەر و دادگایی دەکرێن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شەڕێ سەوڵاوای شاری مەریوان کە لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێراندا ڕووی داوە، بە فەرمانی ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە سەرباز و فەرماندە کوردەکانیان بۆ شەڕ لەگەڵ پێشمەرگەکان هان داوە و ئەو سەرباز و فەرماندە کوردانەش وەڵامی ئەو داواکارییەی بەرپرسانی باڵای ڕێژیمیان نەداوەتەوە.

هەواڵنێڕی ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ژمارەی ١٥٠ سەرباز و فەرماندەی کورد کە نەیانویستووە شەڕی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بکەن، گوتوویانە ئێمە شەڕی براکوژی ناکەین و بە بەرپرسانی ڕێژیمیان ڕاگەیاندووە ئەگەر ئێوە زۆر ئازان ئەوە لە سەربازانی تورک و فارس بهێنن بۆ شەڕکردن.

دوای وەڵامی ڕەتی ئەو داواکارییەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە لایەن سەرباز و فەرماندە کوردەکانەوە، هێزی سپای ڕێژیمیش هەموویانی دەستبەسەر کردووە و ئێستاش لە زینداندان.

٧٠ کەسیان پاسداری سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سەوڵاوا و ژاوەرۆ و بۆڕیەرن، کە لەم ماوەیەدا لە لایەن خودی سپاوە دەستبەسەر کراون و دادگایی دەکرێن. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو پاسدارە کوردانە حازر نەبوونە شەڕی پێشمەرگە لە کۆساڵان و بۆڕیەر بکەن.

ڕێژیمی ئێرانیش لە وەڵامی ئەو کردەوەیە و سەرپێچیی جاشەکان لە جاشایەتی، هێزی لە شارەکانی خوڕەم‌ئاوا و کرماشان هێناوەتە کۆساڵان و بۆڕیەر بۆ گەمارۆدانی پێشمەرگەکان.

هەروەها لە شەڕی کۆساڵاندا زیاتر لە ۲۰ پاسدار کوژراون، کە سپای پاسدارنی ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت وەکوو کوژراوەکانی سووریە مدافعان حرم لەقەڵەمیان بدات.