کوردستان میدیا

چوارشەممه 29ی رەشەمه 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارنەڤاڵێک بۆ پشتگیری لە کاندیدەکانی PSK و PAKبەڕێوە چوو

11:04 - 12 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک لە شاری کۆپێنهاگ پێتەختی ئەو وڵاتە، لە کارنەڤاڵێک که بۆ پشتگیری لە کاندیدەکانی PSK و  PAKبەڕێوە چوو، بەشداریی کرد.

ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕەشەممە،  شاندێكی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری كۆپێنھاگ، بەشدارییان لە کارنەڤاڵی پشتگیری كاندیداكانی بەرەی وڵاتپەروەر و دێموكراتی كورد لە باكووری كوردستان كرد.

سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدانی ڕێگای ڕزگاری كورد و كوردستان دەستی پێكرد .

پاشان لە لایەن "سەرھاد ئامەدی" بە نوێنەرایەتیی ھەر دوو حیزبی پارتی سۆسیالیستی كوردستان و پارتی ئازادی كوردستان – باكوور پەیامێك پێشكەش كرا.

"سەرھاد ئامەدی" لە پەیامەكەیدا تیشكی خستە سەر ڕەوشی كورد لە باكووری كوردستان و باسی له ھۆكاری پێكھاتنی بەرەی وەڵاتپەروەر و دێموكرات لە گۆڕەپانی باكووری كوردستاندا كرد .

"سەرھاد ئامەدی" وتی: ئێمە وەك دوو حیزبی سۆسیالیست و ئازادی زۆر پێمان خۆش بوو كە لەگەڵ ھەموو ھێزە كوردییەكانی باكووری كوردستان و لە پێناو بەرژەوەندی كورد و كوردستان بەشداری بەرەیەكی بەرفراوان بین، بەڵام بەداخەوە سیاسەتی ھەڵەی ھێندێك ھێزی كوردی وەك HDP و سیاسەتی خەندەق لێدان لە نێو شارەكانی باكووری كوردستان و وێران بوونی ئەو شارانە و پابەند نەبوونی HDP  بە بڕیارنامە و پرەنسیپەكانی پێشوو كە لەگەڵ ئێمە واژۆیان كردبوو، وایكرد كە ئەوجار جیا و  وەك بەرەیەك كە لە ناو خەڵكدا بە بەرەی وەڵاتپەروەر و دێموكرات ناسراوە بەشداریی ھەڵبژاردنەكانی باكووری كوردستان بكەین.

ئامەدی ھەروەھا ئاماژەی بە پێشوازی خەڵك لەو بەرەیە كرد .

لە بەشێكی دیكەی ئەو ڕێوڕەسمەدا چەند پارچە مووزیكی كوردی لە لایەن ھۆنەرمەند "شۆڕش"ـەوە پێشكەش بە بەشداران كرا .

لەو ڕێوڕەسمەدا ھاوڕێیانی پارتی سۆسیالیستی كوردستان و پارتی ئازادی كوردستان، سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پشتگیریی بەردەوامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران نیشان دا و سپاسی ئەو ھەموو دڵسۆزی و ھاوكارییەیان كرد.