کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا؛ کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسی "کۆنگرەی گەلی بەلووچ" و "ئەنیستیتۆی کانادا بۆ مافی مرۆڤ" بەشداریی کرد

12:43 - 8 جۆزەردان 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی "ئەنیستیتۆی کانادا بۆ مافی مرۆڤ"، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئيران لە ڕۆژاوای کانادا، پێک هاتوو لە: "سۆهراب کەریمی، کەیوومەرس بێیگی و ئیسماعیل ئیبراهیمی" لە کۆنفڕانسی هاوبەشی "کۆنگرەی گەلی بەلووچ" و "ئەنستیتۆی کانادا بۆ مافی مرۆڤ" سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە بەلووچستان، لە ٢٤ـەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی تاقیکردنەوەی چەکی ناوکیی پاکستان لە خاکی "بەلووچستانـ"ـدا بەشدارییان کرد.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات بە گەرمی لەلایەن دوکتور "نایلا کوادری بەلووچ" کەسایەتیی بەناوبانگی بەلووچستان و بەرپرسی ئەنستیتۆی کانادا بۆ مافی مرۆڤ پێشوازیی لێ کرا.

پاشان "ئیسماعیل ئیبراهیمی" نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کانادا، وتارێکی سەبارەت بە نزیکایەتیی مێژوویی و کولتووریی کورد و بەلووچ پێشکەش کرد و لەسەر ڕەوایی خەبات بۆ ڕزگاری لە ژێردەستی و چەوسانەوە و مافی چارەی خۆنووسین جەختی کردەوە.

دواتر "سۆهراب کەریمی" بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمیتەی حیزب لە ڕۆژاوای کانادا، وتارێکی لەسەر  فەلسەفە و بنەمای مافی مرۆڤ و مافی گەلان بۆ خەبات لە پێناو یەکسانی و نەهێشتنی چەوساندنەوە پێشکەش کرد.

لە کۆتایی ئەو کۆنفڕانسەدا، چالاکانی بەلووچ هیوایان خواست پەیوەندییان لەگەل حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەردەوام و بەرفراوانتر بکرێت و دوولایەن بتوانن لە ئەزموون و تواناکانی یەکتر بۆ بەرەوپێشترچوونی خەباتی نەتەوایەتی کەڵک وەربگرن.