نەوید کەرەمی
لە کوردستانی داگیرکراوی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی کۆنەپەرەست و دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، نەتەنیا تاکەکان بە تاوانی کوردبوون، سیاسی بەئەژماردێن، بەڵکوو هەموو سروشتی جوان، دار و لێڕەوارەکان و تەنانەت ئاژەڵەکانیش لەو نیشتمانە داگیرکراوەدا وەک دوژمن و سیاسی چاویان لێوە دەکرێت.
لەو کاتەوە کە بە بڕیار و بیرۆکەی دێوەزمەی جەماران و عەقڵییەتی فاشیستی ناوەند، ئێران تەنیا هی نەتەوەی فارسە و جگە لە زمانی فارسی و دابونەریتی ویلایەتپەسەند و جگە لە لیباسی و پۆشاکی فارسی کە خودی بە ئەژمار هاتوون، هیچ نەتەوەیەکی دیکە بوونی نییە و ئەوانی دیکە هەمووی وەکوو دوژمن چاویان لێ کراوە.
ئەوکاتەی کە کورد خۆی خاوەنی ڕێبەرێکی بلیمەتی وەک د.عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو، کە نەتەنیا ڕووناکییەکی مەزن بوو بۆ کوردستان، بگرە خۆرێکی گەشیش بوو بۆ هەموو جیهانیان، کوردستان کە لەژێر ڕووناکایی و تیشکی سیاسەتە ئازادیخوازانە و مرۆڤدۆستانەکانی ڕێبەری مەزن د.قاسملوودا نای بە ڕێفراندۆمی دیاریکردنی نیزام وت، هەر زوو لە لایەن تاریکپەرەستانی جەمارانەوە کەوتە بەر ڕق و هێرش و پەلامارەوە.
بە فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان، لەشکری تاریکپەرەستی، دژەگەلی و مرۆڤکوژان بەرە و کوردستان وەڕێ کەوتن و هەر وەک بڕیاریان وەرگرتبوو، دەستیان دایە کوشتنی خەڵکی بێگوناح، سووتاندن و بەتاڵانبردنی کوردستان.
هەوای کوردستان بەهۆی بۆگەنیوی بیری کۆنەپەرەستانەی ئەوانەوە ژەهراوی بوو و ئازادی قۆڵبەست و لە قەفەسەکان و چاڵەڕەشەکاندا کۆت و زەنجیر کرا.
هەر لەو کاتەوە تا ئێستە سروشتی جوان و ڕازاوەی کوردستان بە هاتنی تیرۆریستانی ویلایەتپەرەست، ڕووی لە وێرانی نا، دارستان و لێرەوارەکان هەرساڵ دەسووتێندرێن و ئاژەڵە کێوییەکان دەبنە ئامانجی گووللەی ئەو دڕندانە.
سەرمایەی سەرزەوینی و ژێرزەوینی کوردستان، ئاسەوارەکان و تەنانەت ئاوەکانی ئەو نیشتمانە هەمووی کەوتوونەتە بەر تەماح و بە پیلانی سیستماتیک لەنێو دەبرێن و بۆ خۆشبژیوی بەرپرسان و بۆ بەردەوامی دەسەڵاتی ڕەشی خۆیان بەتاڵان دەبرێن.
لەو نیشتمانە داگیرکراوەی کورددا، هەروەک چۆن مرۆڤەکان بە تاوانی کورد بوون ڕاوەدوو، قۆڵبەست و ئەشکەنجە دەکرێن، لە ژیان و ئازادی بێبەش و بە زیندان و مەرگ مەحکووم دەکرێن، هەر بەو شێوەیەش لێرەوارەکان و دارستان و مەزراکانی کوردستان بە تۆمەتی ئەوەیکە سیمای کوردستان دەڕازێننەوە و بە بیانووی ئەوەیکە شۆڕشگێڕان تێراو و پەنا دەدەن، دەسووتێنرێت و هەموو ساڵێک گڕ لە جەستەی بەردەدرێت.
ئاژەڵە خۆماڵییەکانیش وەک ئەسپ و هێسترەکان، بە تاوانی ئەوەیکە یارمەتیدەری کوردی هەژارن بۆ درێژەدان و بەردەوام بوون لەو ژیانە پڕزەحمەت و پڕنەهامەتییە، دەبنە ئامانجی گووللەی تۆڵە و زۆر نامرۆڤانە و بەدوور لەهەرچەشنە ڕەحم و بەزەییەک دەکوژرێن.
لە جەرەیانی حوکمی جیهادی خومەینی بۆسەر خاکی کوردستان بە هەزاران کەس لە خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵی بێتاوان، کوژراون.
هەنووکەش کە نزیک بە ٤٠ ساڵ بەسەر ئەو بڕیارە پڕشوورەییەی خومەینی تێدەپەڕێت، ئەگەرچی سپای تیرۆریستی پاسداران بە زەبری چەک و بە ڕشتنی خوێنی هەزاران ڕۆڵەی قارەمانی ئەو گەلە توانی کوردستانی ڕۆژهەڵات داگیر بکات، بەڵام بۆخۆشی چاک دەزانێت کە لەو نیشتمانەدا تەنیا داگیرکەرێکە و هیچ جێگەو پێگەیەکی نییە.
بۆ هەرچی ڕونتربوونەوەی تێڕوانینە ئەمنییەتی و هەڵسووکەوتە دژیگەلییەکانی ڕێژیم لە کوردستان تەنیا ئامارەکانی دەوری یەکەمی دەسەڵاتداری حەسەن ڕووحانی کە بە حکوومەتی "تەدبیر و ئۆمید" ناوی لێ نراوە دەکەینە پێوانەیەک بۆ دەرکەوتنی تێڕوانینی دوژمنکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان.
بە پێی ئامارەکانی ماڵپەڕی کوردپا، لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی هەتاکوو مانگی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، لەسەریەک ٢٠٧٤ حاڵەتی دەستبەسەر کردن، ٦٣٩ حاڵەتی بانگهێشتی هاوڵاتیانی کورد بۆ ئیتلاعات، ٧٧ حاڵەتی ڕاپێچ کردنی هاووڵاتیان بە بێدادگاکانی ڕێژیم، ١٧٦ حاڵەت کوژرانی کۆڵبەران و بریندار بوونی ٢١٤ کۆڵبەری دیکە، ٤٣٣ کەس بە زیندان مەحکوم و ٢٦٦ کەسیش لەسێدارە دراون. هەروەها هەر لەم ساڵانەی دواییەدا بە سەدان سەر لە ئەسپ و قاتری کاسبکاران بەئەئقەست لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بە تیربارانی ڕاستەوخۆ کوژراون و هەر ساڵە لە وەرزی هاویندا بە دەیان حاڵەتی ئاگرتێبەردانی دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان هەر لە لایەن ئەو تێرۆریستانە و دەست و پەیوەندییەکانیانەوە ڕوو دەدەن، کە بەو هۆیەوە بە دەیان هێکتار لە دارستانەکان خەساریان لێ بکەوێت و مەزرای خەڵک لە ئاگردا ببێتە خۆڵەمێش.
بەڵام ئەویکە کاربەدەستانی ڕێژیمی زۆر تووڕە و تووشی ترس و خۆف کردووە، ئەوەیە کە کورد سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانییەی کە بەسەریدا هاتووە، هەتاکوو ئێستا نە تەسلیم بووە و نە ئاڵای خەباتی ڕزگاریخوازانەی خۆی دانەواندووە. بێگومان سەرکەوتن هەر بۆ کوردە و کوردستانیش پاش ئەو هەموو برینانە ڕۆژێک لە سێبەری دەسەڵاتێکی خۆماڵی و دێمۆکراتیکی کوردیدا دەبێتە ڕازاوەترین وڵات.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.